رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 68 هەزار سزادراو لە چاکسازییەکاندا راگیراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 8 هەزار زیندانیکراو بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون.
ئەحمەد لوعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە 06-09-2025 لە بەرنامەی نووڕۆژ دا پەخش کرا رایگەیاند، زیاتر لە 68 هەزار سزادراو لە چاکسازییەکاندان کە بە تاوانی جیاواز، وەک تیرۆر، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر راگیراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، ژمارەی بەندکراوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر ''لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار کەسدایە کە بەسەر بەکارهێنەر و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکاندا دابەشبوون.''
بەگوتەی ئەحمەد لوعێبی، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 665 زیندانی سوودیان لە یاسای لێبووردنی گشتی وەرگرتووە و ئازادکراون.
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسێتی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-01-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
یاساکە داواکاری سەرەکی سوننەکان بوو، چونکە پێیان وابوو خەڵکێکی زۆری سوننە بەبێ ئەوەی تاوانیان کردبێت لە زیندانەکانن.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی ئاستی هاوئاهەنگی و پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دۆسیە دادوەرییەکاندا دەڵێت، ''براکانمان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوی ئێمەن. ئێمە بە شەفافییەت و پیشەییگەرییەکی بەرزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە و چ لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانەوە بێت یان بڕیارە جێبەجێکارییەکان و دۆسیەی زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئاستێکی بەرزدا بە شەفافییەتەوە مامەڵە دەکەین.''
ئەحمەد لوعێبی باسی لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرد و گوتی، ''حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بەم دۆسیەیە دەدات و هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرزی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. میکانیزمێک دانراوە بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و دەرخستنیان بۆ رای گشتیی جیهان.''
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق باسی لە ئەندامانی دەستگیرکراوی داعش کرد و گوتی، دادوەریی عێراق بڕیاری ''گونجاو''ی دەرکردووە بۆ تۆڵەسەندنەوەی قوربانیانی کوردی ئێزدی و ''هیچ یاسایەکی لێبووردنی گشتی یان کەمکردنەوەی سزا یان تەنانەت ئازادکردنی مەرجدار کە ئێمە کاری پێ دەکەین، ئەندامانی داعش ناگرێتەوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: با بە یاسای لێبووردنی گشتی دەست پێبکەین. ئایا وەزارەت ئاماری وردی دەربارەی ژمارەی ئەو گیراوانەی تاوەکو ئێستا بەم یاسایە ئازاد کراون هەیە؟
ئەحمەد لوعێبی: بەڵێ، لە سەرەتادا تاوەکو ئەم ساتەی قسەت لەگەڵ دەکەم، ئاماری وردمان لە هەموو فەرمانگە چاکسازییەکانمان هەیە، کە تاوەکو ئێستا 8 هەزار و 665 گیراو بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون. لیژنەکان بەردەوام شەو و رۆژ کار بۆ زیادکردنی ئەم ژمارانە دەکەن و لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە پڕۆسەی ئازادکردندان. بۆ ئێوە و بینەرانی بەڕێز، دەمەوێت روونی بکەمەوە کە پڕۆسەی ئازادکردن بەپێی فەرمانە دادوەرییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەدەچێت. دوای ئەوەی کەسێکی گیراو یاسای لێبووردنی گشتی دەیگرێتەوە، ئەنجوومەنی دادوەری لایەنی بەرپرسە لە دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا یاسای لێبووردنەکە دەیگیرێتەوە یان نا. بۆیە دوای ئەوەی کەسێک یاسای لێبووردنی گشتی دەیگرێتەوە، بڕیارەکەمان بۆ دێت و ئێمە لەگەڵ لایەنەکان پەیوەندی دەکەین ئەگەر بۆ دۆسیەیەکی دیکە پێویست نەبێت یان بڕیاری لێبووردنەکە پلەی کۆتایی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئازادکردنی بە شێوەیەکی رێک و خێرا بکرێت، چونکە دەبینین یاسای لێبووردنی گشتی یارمەتیدەرێکی گەورەیە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە فەرمانگە چاکسازییەکانماندا.
رووداو: پرسیار لێرەدا ئەوەیە: کێن ئەو کەسانەی کە ئەم بڕیارە، واتە یاسای لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە؟
ئەحمەد لوعێبی: یاسای لێبووردنی گشتی یاسایەکە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە پەسەند دەکرێت و ئەو لایەنە بەرپرسە لە دیاریکردنی ئەوەی کێ دەگرێتەوە. زیندانییەکە داواکارییەک پێشکێشی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکات، یان داواکارییەک پێشکێشی فەرمانگەی چاکسازیی عێراقی دەکات بۆ لێژنە تایبەتمەندەکانمان، ئێمەش رەوانەی دادگە تایبەتمەندەکانیان دەکەین. دادگەی تایبەتمەند هەمان ئەو دادگەیەیە کە پێشتر سزادانەکەی بەسەردا سەپاندووە، ئەم لیژنانە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا زیندانییەکە بڕگەکانی یاسای لێبووردنەکە دەیگرێتەوە یان نا. بۆیە تاکە لایەنی بەرپرس بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەیگرێتەوە یان نایگرێتەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، کاتێک سەیری دۆسیەی زیندانییەکە، وردەکاریی تاوانەکە و مادەی تاوانەکە دەکات. ئەنجوومەنی دادوەری تاکە لایەنە کە دەتوانێت بڵێت ئایا ئەم کەسە یاسای لێبووردنی گشتی دەیگرێتەوە یان نا.
رووداو: ژمارەی گشتیی زیندانیان لە زیندانەکانی عێراقدا چەندە و چەندیان سزادراون؟
ئەحمەد لوعێبی: سەرەتا هیوادارم دەستەواژەکە بگۆڕین و بڵێین "ژمارەی سزادراوان لە بەشەکانی چاکسازی"، چونکە ئێمە لە وەزارەتی داد تەنیا ئەو کەسانە وەردەگرین، کە بڕیاری دادوەرییان لەسەرە و بەپێی پۆلێنکردن لە بەشە چاکسازییەکانماندا دابەشیان دەکەین و لە یەکێک لە بەشە چاکسازییەکانماندا دایاندەنێین. تاوەکو ئێستا نزیکەی 68 هەزار زیندانیمان هەیە بە تاوانی جیاواز، هەندێکیان تاوانی تیرۆریستین و هەندێکی دیکەیان تاوانی گەورەن. هەروەها لە وەزارەتی داد سیستمێکمان هەیە بە ناوی "سیستمی بەڕێوەبردنی سزادراوان"، کە جۆری تاوان و پۆلێنی سزادراوەکە دیاری دەکات و لە کام بەشدا دادەنرێت. دۆسیەی سزادراوی ئەو کەسە هەیە، کە دەتوانین لێیەوە پەنجەمۆرەکەی، مێژووی چوونە ژوورەوەی بۆ زیندان، مێژووی ئازادکردنی و گرتنەبەری بە مەرجی سزا یان ئازادکردنی بەمەرجی لێ بزانین، هەروەها دۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە. ئەم سیستمە لە زیاتر لە 28 بەشی چاکسازیدا لە سەرتاسەری عێراقدا بڵاو بووەتەوە، ئەم بەشە چاکسازییانەن، کە سزادراوانی عەرەب، بیانی و عێراقی تێیاندا دادەنرێن لە هەموو بەشەکانی بەغدا و پارێزگەکان.
رووداو: زۆرترین رێژەی زیندانیان بەهۆی چ تاوانێکەوەیە؟
ئەحمەد لوعێبی: پێشتر تاوانەکانی تیرۆر بوون، بەڵام ئێستا بەداخەوە، بەگشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە و عێراق بەتایبەتی، زیادبوونێک لە تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکاندا هەیە. ئەمە کێشەیەکی مەترسیدارە، کە رووبەڕووی بووینەتەوە. ئێمە لە وەزارەتی داد رێکارمان گرتووەتەبەر بۆ پۆلێنکردنی ئەو کەسانە بە جیاکردنەوەی زیندانیان و دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لەناو بەشەکانی چاکسازیدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە کێشەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان هەیە لە نەخۆشخانەی ناوەندیی کەرخ. هەروەها بەپێی پۆلێنکردنەکە، جیاکردنەوەی بەکارهێنەران لە بازرگانان هەیە، ئەم بابەتەش زۆر گرنگە، چونکە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لایەنی مرۆیی هەیە.
رووداو: ئامارتان لەبەردەستە؟
ئەحمەد لوعێبی: ئامارەکان بە دەیان هەزارن، لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار کەسدان، کە بەسەر بەکارهێنەر و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان دابەشبوونە. وەکو پێمگوتن ئێمە بە شێوەیەکی پیشەییانە و شەفافانە مامەڵە دەکەین. بەرێز وەزیری داد، سیستمی پۆلێنکردنی لەناو بەشەکانی چاکسازیدا پەسەند کردووە، بۆیە هەر زیندانییەک بەپێی ئەو تاوانەی پێی سزادراوە، لە بەشێکی تایبەت بە خۆیدایە. هەروەها کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە لەناو خودی بەشی چاکسازییەکەشدا پۆلێنکاری بکەین. لەناو ئەم بەشەدا، ئەو کەسانەی وەکو بکوژ، تیرۆریست یان بە دۆسیەیەکی دیکە پۆلێنکراون، هەن. کەسانێک هەن سزاکەیان 15 ساڵە، هەروەها کەسانێک هەن سزاکەیان 5 ساڵە، یان لەو ژمارەیە کەمترە. ئێمە هەموو زیندانییەکان لە یەک بەش یان یەک شوێندا کۆناکەینەوە، ئەمەش لە رووی ئەمنی و مرۆییەوە گرنگە.
رووداو: میکانیزمەکانی وەزارەت چین بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەو کەسانەی بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ناگەڕێنەوە بۆ چالاکیی تاوانکاری؟
ئەحمەد لوعێبی: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە گرنگە. ئێمە لە فەرمانگەی چاکسازیی عێراق بەشی چاودێریی گشتیمان هەیە. ئەم بەشە بەرنامەی شیاندنەوە بۆ گیراوان دەست پێدەکات پێش ئازادکردنیان بە ماوەیەک. ئەم بەرنامەیە لە وردەکارییەکانی تاوانکردن و وردەکارییەکانی نەمانی بیروباوەڕی تووندڕۆیی و لێکەوتە نەرێنییەکانی گیراوەکە دەکۆڵێتەوە. هەروەها یارمەتیی مەعنەوی پێشکێش دەکرێت و لە رێگەی وۆرک شۆپی کارەوە لە ناو بەشە چاکسازییەکانی ئێمەدا هەلی کار دابین دەکرێت. لە بەشە چاکسازییەکانی ئێمەدا وۆرک شۆپی دارتاشی، بەرگدرووی، نیگارکێشی و سەرتاشی هەیە. ئێمە دەتوانین ئەم گیراوە کارێکی پێ بدەین پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە و لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ بێت. هەروەها لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتییەوە سەردانی ئەم گیراوانە دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ ببنەوە، چونکە راست نییە گیراو بە لێبووردن بگیرێت یان ئازاد بکرێت بەبێ ئەوەی چارەسەری نەگەڕانەوەی بۆ پێشکێش بکەین. ئەم چارەسەرە دەروونییە، ئەم چارەسەرە رۆحییە، رێگری لە گەڕانەوەی ئەم گیراوە دەکات، چونکە ئێمە لە ساڵی 2016دا ئەزموونێکمان هەبوو کاتێک یاسای لێبووردن پەسەند کرا و دوای ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە گیراوان، دیسانەوە بۆ تاوانکردن گەڕانەوە. بەڵام ئێستا، ئێمە بەدواداچوونی راستەقینە، تیمی گەڕۆک و تیمی مەیدانیمان هەیە بۆ بەدواداچوونی دۆخی گیراوان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە دامەزراوەکانی دیکە، لە توێژەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی داد و لە بەشی شیاندنەوەی وەزارەتەکەماندا.
رووداو: هەندێک رەخنە هەن کە دەڵێن هەندێک لەو کەسانەی بە لێبووردنە گشتییەکە ئازاد کراون، بە تاوانی مەترسیدار تۆمەتبار کراون. وەزارەت چۆن وەڵامی ئەم نیگەرانییانە دەداتەوە و چۆن دڵنیایی دەدات کە لێبووردنە گشتییەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی تیرۆر یان گەندەڵیی گەورە؟
ئەحمەد لوعێبی: سەرەتا وەکو پێم گوتن، ئێمە لە وەزارەتی داد دەزگەیەکی جێبەجێکارین. کاری سەرەکیمان ئەوەیە زیندانیکراو وەربگرین دوای ئەوەی بە بڕیارێک سزا دەدرێت، ماوەی سزاکەی لای ئێمە بەسەر ببات و پرۆگرامێکی چاودێریی پێشکێش بکەین، لە خواردنەوە بگرە تاوەکو شوێنی حەوانەوە و پرۆگرامی تەندروستی. ئەو لایەنەی کە دیاری دەکات ئایا کەسی راگیراو یان حوکمدراو لە چاکسازییەکانی ئێمە بە لێبووردن دەگیرێتەوە یان نا، دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، کە بڕیاری سزادانی بەسەر ئەم حوکمدراوەدا دەرکردووە و هەروەها تاکە دەزگەی دەستوورییە کە دەسەڵاتی دەرکردنی لێبووردنی هەیە. من پێم وایە دەسەڵاتی دادوەری بە بێلایەنییەکی تووند و پیشەییگەرییەکی بەرزەوە و بەپێی ئەو رێکارانە کار دەکات کە یاسای لێبووردنی گشتی دیاری کردوون و ئەو زیندانییانەی کە بڕگەکان دەیانگرێتەوە و هەرگیز سازش بۆ هیچ کەسێک ناکات. دەسەڵاتی دادوەری کەناری ئارامییە بۆ عێراق. ئێمە لە وەزارەتی داد پێمان وایە دەسەڵاتی دادوەری کەناری ئارامییە بۆ حکومەتی عێراق و بۆ سیستمی سیاسی بە گشتی. بۆیە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرکراون، بەپێی ئەو بنەمایانەن کە لە یاسای لێبووردنی گشتییدا هاتوون و پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە.
رووداو: ئاستی هاوئاهەنگی و پەیوەندی لە دۆسیە دادوەرییەکاندا لەنێوان ئێوە و هەرێمی کوردستاندا چۆنە؟
ئەحمەد لوعێبی: براکانمان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوی ئێمەن. ئێمە بە شەفافییەت و پیشەییگەرییەکی بەرزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. نوێنەرایەتیی هەرێم هەیە و ئێمە لە رێگەیەوە بە شەفافییەتێکی بەرزەوە مامەڵە دەکەین، چ لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانەوە بێت، یان بڕیارە جێبەجێکارییەکان و دۆسیەی زیندانییەکانی هەرێم. ئێوە دەزانن یان دەبێت بینەریش بزانێت کە گرتووخانە و زیندانییانی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین. بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە لە پرۆسەی سەردانەکان، پرۆسەی ئازادکردن و ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن وەزارەتی دادی فیدراڵییەوە دەکرێن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی هەرێم و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. هەروەها لە رێگەی پەسەندکردنی ئەو نوێنەرایەتی و بڕیارە جێبەجێکارییانەی لە هەرێم دەردەچن، هەماهەنگییەکی بەرز لە رێگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیە. ئەوان بە شەفافییەتێکی بەرزەوە کار دەکەن. سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئێمەدا هەیە لەبارەی هەموو دۆسیەکانی زیندانیان، کە هەندێک جار ئەگەر رۆتینی ئیداری هەبێت بە تەلەفۆن چارەسەر دەکرێن. بۆیە لە رێگەی ئەم کەناڵانەوە و لە رێگەی ئەو پەیوەندییە باشەی کە ئێمە لەگەڵ هەموو بەرپرسانی دۆسیە و کاروباری دادوەری لە حکومەتی هەرێمدا هەیە، هاوئاهەنگییەکی زۆر بەرزمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی داد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم هەیە.
رووداو: با بێینە سەر باسی پلانەکانی وەزارەت. پلانەکانتان بۆ پێشخستنی گرتووخانەکان و باشترکردنی دۆخی زیندانیان، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چین؟
ئەحمەد لوعێبی: لە سەرەتادا پێم گوتن، کە ئێمە کارمان لەسەر یاسای سیستمی چاکسازیی زیندانیان کردووە، ئەمەش زۆر گرنگە. ئەمە شەفافیەت و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ هەموو زیندانیان لەخۆدەگرێت. هەر زیندانییەک ئێستا لە هەر بەشێکی چاکسازیی ئێمەدا، خێزانەکەی دەتوانێت دۆخی تەندروستیی، ماوەی بەسەربردنی لە زیندان، ئەو بڕیارەی لە دژی دەرچووە، کەی ئازاد دەکرێت، پەنجەمۆری، دۆسیەی تەواوی و لە کام بەشی چاکسازییە، بزانێت. ئەمە لە سەرەتادایە. لەناو بەشەکانی چاکسازیدا بووژانەوەیەکی تەندروستی هەیە. لە هەر بەشێکی چاکسازیی ئێمەدا ئەمبوڵانسێک، بنکەیەکی تەندروستی و دوو ژوور لە کەرخ و کیندی بۆ بەدواداچوونی دۆخی تەندروستیی زیندانیان هەن. بەڕێز وەزیری داد، لە رێگەی گەڕان و سەردانەکانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی، لە بواری تەندروستیدا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ دابینکردنی کارمەندی پزیشکی و پیشە تەندروستییەکان. وەزارەت لە قۆناخی گرێبەستدایە لەگەڵ پزیشکان و پیشە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەدواداچوونی مەیدانیی دۆخی تەندروستیی نەخۆشییە قورسەکانی وەکو شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی پێست و نەخۆشییەکانی دیکە کە زیندانیان بەدەستیانەوە دەناڵێنن. جگە لە بەرنامەکانی شیاندنەوە لە دوورترین باشوورەوە تاوەکو بەغدا و پارێزگە باکوورییەکانمان، بەرنامەی شیاندنەوە و وۆرک شۆپی کار هەن بۆ شیاندنەوەی زیندانیان و فێرکردنیان، ئەو پیشانەی کە زیندانی کاتێک لە زینداندایە دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و دەتوانێت داهاتی بۆ خۆی و خێزانەکەی هەبێت. زۆر شت هەن کە ئێمە لە رێگەی دروستکردنی بەشەکانی چاکسازییەوە لە سەرتاسەری عێراق هەوڵی بۆ دەدەین. ئێستا لە پارێزگەی واست، پارێزگەی عەمارە، مووسڵ، دیوانییە و بەغدا بەشی چاکسازیمان هەیە بۆ لەخۆگرتنی زیندانیان و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها، نوێکردنەوەی بەشەکان و نوێکردنەوەی هەندێک بەشی گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا و گونجاندنی لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤ.
رووداو: ئەگەر رێگەم بدەن، دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و چەند پرسیارێکی دیکەش بکەم. چەند بەڵگەنامە هەن کە پەیوەستن بە دۆسیەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییەوە؟
ئەحمەد لوعێبی: بێگومان ئەم دۆسیەیە دۆسیەیەکی گرنگ و هەستیارە. حکومەتی عێراق بەڕاستی بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دەدات. ئامارەکان لە زیادبووندان. ئاماری وردمان نییە، بەڵام ژمارەکان زۆر لە هەڵکشاندان. لە راستیدا، هێرشکردنە سەر هەر پێکهاتەیەکی گەلی عێراق، جا شیعە بێت یان سوننە، عەرەب یان کورد، ئێزدی، کوردی فەیلی یان کەمینەکان، کاریگەری لەسەر جەستەی عێراق و خوێنی عێراق هەیە. حکومەتی عێراق گرنگییەکی گەورە بەم دۆسیەیە دەدات و هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرزی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە سەبارەت بەو جینۆسایدەی کە پێکهاتەکانی گەلی عێراق رووبەڕووی بوونەتەوە، جا لەلایەن رژێمی پێشوو و سەردەمی دیکتاتۆرییەوە کە پارتی بەعسی دیکتاتۆر و گرووپە دەسەڵاتدارەکەی نوێنەرایەتییان دەکرد، یان لەلایەن گرووپە تاوانکارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. میکانیزمێک دانراوە بۆ ئاشکراکردنی ئەم تاوانبارانە و دەرخستنیان بۆ رای گشتیی جیهان. دینداریی گەلی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆرەدا دەرکەوت، کە ئەم بەشە بەڕێزانەی گەلی عێراقی کردبووە ئامانج. بۆیە ئەم دۆسیەیە لە هەڵکشاندایە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت لەلایەن حکومەتی عێراق، لەلایەن بەڕێز وەزیر و لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەوە. بەڵێنت پێ دەدەم لە دیداری داهاتوودا، ئاماری ورد و دروست بهێنم کە تێیدا هەموو شتێک کە رووی داوە و هەموو ئەو کارانەی وەزارەت لەم بوارەدا کردوویەتی، بۆت ئاشکرا بکەم.
رووداو: خۆشحاڵ دەبین دیدارێکی دیکە سەبارەت بەم دۆسیەیە ساز بکەین، بەڵام ئەگەر رێگەم بدەن، بەڕێز ئەحمەد، دەکرێت باسی ژمارەی ئەو گیراوانەم بۆ بکەن، کە بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژی کوردانی ئێزدی تۆمەتبار کراون، ئایا هیچ ئامارێکتان لەبەردەستە؟
ئەحمەد لوعێبی: لە راستیدا هیچ ئامارێکم لا نییە، بەڵام لە داهاتوودا بۆتانی دابین دەکەم، ئیشەڵڵا. بەڵام ئەوان سزای دادپەروەری خۆیان وەرگرتووەو لە گرتووخانەکانی وەزارەتی داددان. دڵنیابن کە دادوەریی عێراق بڕیاری گونجاوی دەرکردووە بۆ تۆڵەسەندنەوەی قوربانییەکان لە برا کوردەکان و ئەوانە بە هیچ یاسایەکی لێبووردنی گشتی یان کەمکردنەوەی سزا یان تەنانەت ئازادکردنی مەرجدار کە ئێمە کاری پێ دەکەین، نەگیراونەتەوە. ئیشەڵڵا، هەروەک بەڵێنم پێ داون و بەڵێنم بە بینەرانی بەڕێز داوە، بە ئاماری ورد و دروستەوە دێم سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەم تاوانانەیان دژی پێکهاتە رەسەنەکەی عێراق کردووە، ئیشەڵڵا.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان، بەڵام پرسیاری کۆتاییم، بەڕێز ئەحمەد، هەندێک لە خێزان و کەسوکاری قوربانیان، بەتایبەتی کوردانی ئێزدی، داوای دادگەیەکی تایبەت، دادگەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن کە تایبەت بێت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی ئەم تاوانە گەورانەیان کردووە. وەڵامی ئێوە چییە؟ ئایا عێراق ئامادەیە بۆ دامەزراندنی ئەم دادگەیە؟
ئەحمەد لوعێبی: دادگەکان و دامەزراندنیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییدایە، ئەویش باشتر دەزانێت بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە و بەرژەوەندیی ئەو عێراقییانەی ستەمیان لێکراوە لە کوێدایە. بۆیە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە دەرکردنی فەرمانی لەم شێوەیە بەرپرسە. ئێمە لە هەموو سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا جەختمان لەسەر ئەو ستەمە کردووەتەوە کە بەرامبەر کوردانی ئێزدی، کوردانی فەیلی و پێکهاتەکانی دیکەی وەکو شیعە و هەموو ئەوانەی لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە کراونەتە ئامانجی لەناوبردن. ئەوەی دەمەوێت بۆ ئێوە و هەموو بینەرانی روون بکەمەوە ئەوەیە کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییانەی کە لەسەر زەوی و لە سەرچاوەکانی وڵات و مرۆڤەکاندا گەندەڵییان کردووە، ئەم پێکهاتە گرنگەیان بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو کردووەتە ئامانج، نەک هێرشێکی هەڕەمەکی. کاتێک پێکهاتەیەکی گرنگی گەلی عێراق کە هەزاران ساڵە لە عێراقدا دەژین دەکرێتە ئامانج، ئەمە هێرشێکی سیستماتیکە کە ئامانجی لەناوبردنی پێکهاتەیەکی گرنگە، لەناوبردنی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی گرنگە لە کۆمەڵگەی عێراقدا. لە راستیدا ئێمە لە رێگەی تیمە نێودەوڵەتییەکانەوە کە تاوانەکانی داعشیان تۆمار کردووە، قورسیی ئەم تراژیدیایەمان بۆ روون کردوونەتەوە کە عێراقییەکان بە هەموو جۆر و نەتەوەکانیانەوە چەشتوویانە. هەروەها لە هەموو ئامارەکانمان و لە هەموو دیدارەکانمان لەگەڵ رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا و لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکانمان لە جنێڤ و شوێنەکانی دیکە و لە سەکۆکانی مافی مرۆڤدا، قورسیی ئەم تاوانە روون دەکەینەوە. ئەوەی بەسەر گەلی عێراقدا هاتووە لەلایەن تاوانبارانەوە روون دەکەینەوە و روونیشی دەکەینەوە، کە هەموو خوێنی عێراقییەکان، عەرەب و کورد، سوننە و شیعە، فەیلی و ئێزدی و ئەوانی دیکە، رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی تیرۆر، ئەوە بوو کە هەموو جیهانی پاراست. عێراقییەکان بەم خۆڕاگرییەیان بەربەستێکی پتەو بوون بۆ لەناوبردنی ئەم رێکخراوانە و رێگریکردن لە مەترسییەکانیان بۆ سەر وڵات و دەوڵەتانی دراوسێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ