رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاند، سۆمۆ، وەزارەتى نەوت و سامانە سرووشتییەکان هەموو رێکارێکیان لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان گرتووەتەبەر و رادەستکردنى پەیوەستە بە کۆمپانیاکانى نەوت. هەروەها لەبارەى داواکارىی ئەو کۆمپانیایانە گوتى: "هیچ داواکارییەک لە سەرووی یاساوە نابێت."
عەلی نەزار، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، رۆژی شەممە 6ـی ئەیلوولى 2025 رایگەیاند: کۆمپانیاکەی و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەموو رێکارێکیان لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان گرتووەتەبەر لەگەڵ ئەو میکانزمانەى بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و هەموارەکانی دانراون.
عەلى نەزار لە پەراوێزى کۆڕبەندى نێودەوڵەتىی بەغدا بۆ وزە بە رۆژنامەڤانانى گوت: "دەکرا ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر هەناردە دەستپێبکاتەوە، ئێستاش ئێمە گەشبینین بەم رێککەوتن و میکانزمانە؛ بە پشتیوانیی خوا دەبنە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێى کوردستانەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدایە، لە بەرژەوەندیی داهاتی دارایی وڵات و پێگەی وڵاتدایە، وەک هەناردەکاری نەوت بۆ ناوچەکە و بازاڕی ئەورووپا."
بەگوێرەى ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان بەغدا و هەولێر کە لە 17ى تەمووز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند کرا، پێویستە رۆژانە هەرێمى کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات، ئەو هەنگاوە یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان.
دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەسەر کۆمپانیاکانى نەوت وەستاوە کە داواى گەرەنتى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارە دەکەن کە بڕیارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت پێیان دەدرێت.
لە وەڵامى پرسیارى هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێرى رووداو لەبارەى داواکاریی کۆمپانیاکانى نەوت، عەلی نەزار گوتى، "باسی داواکارییەکان ناکەم. ئەو رێککەوتن و میکانزمانەی باسم کردن، کۆتایی هەموو داوکارییەکانە، بۆیە هیچ داواکارییەک لە سەرووی یاساوە نابێت. ئەوەی کە هەیە، یاسایە. ئەو میکانزمانەشی هەن، لە بەرژەوەندیی هەمووان دانراون، سەرەتا لە بەرژەوەندیی عێراق دانراون، هەروەها لە بەرژەوەندیی دانەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، ئەوەش وەک پابەندبوونێکی نێوان خۆیان و کۆمپانیاکان."
لەبارەى رادەستکردنى نەوت بۆ هەناردەکردنەوەى، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ گوتى: "ئەوە پەیوەستە بە لایەنى بەرهەمهێنەر کە کۆمپانیاکانن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ