سوودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنا؛ 'کەمتەرخەمی قبووڵ ناکەین'

06-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت. "پێویستە لیژنەکە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی، راسپاردەکانی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران بکات."
 
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە کردووە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی ئاماژە بە گومانی گەندەڵی دەکەن لە تێکەڵکردن و بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە بەندەرەکان و ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی، "هیچ کەمتەرخەمییەک لەم دۆسیەیەدا قبووڵ ناکرێت و پێویستە لیژنەکە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی، راسپاردەکانی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر بە ئاراستەی پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و پاراستنی سامانی گشتی."
 
عەلی نەزار، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هیچ بەقاچاخبردن و تێکەڵکردنی نەوت لە بەندەرەکان و سنوورە ئاوییەکانی عێراقدا نییە، ئێمە چاودێری گشت بەرهەمەکانمان دەکەین لە کاتی دەرهێنان تاوەکو فرۆشتنی و کڕیارەکانیش کۆمپانیای گەورە و باوەڕپێکراوی جیهانین."
 
عەلی نەزار گوتی، "سزاکان بە واتای بەندەرەکان و دەرهێنانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە چەند کەسێکەوە هەیە کە کۆمپانیای تایبەتیان هەیە و هیچ پەیوەندییان بۆ سۆمۆوە نییە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، "هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم دەزگاکانی دیکە هەیە بۆ رێگریکردن لەو بابەتانە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، تۆڕێکیان سزا داوە کە تۆمەتبارە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە. بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەمە بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی ئێران دەیدەن.
 
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکە چەند کۆمپانیا و کەشتییەک دەگرێتەوە، کە لەلایەن وەلید سامەڕایی، بازرگانی عێراقیییەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
 
وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، وەلید سامەڕایی کە هەڵگری وڵاتینامەی سەینت کیتس و نیڤسە، نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە بە قاچاخ فرۆشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە