عێراق
وێنەیەکی ئەرشیڤی "دەرگەی دۆزەخ" لە بیابانەکانی تورکمانستان کە گازی سرووشتی لێوە دێتەدەرەوە و دەسووتێت. IGOR SASIN/AFP via Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دەوڵەتی تورکمانستان بۆ کاروبارى گاز بە سەرۆکایەتیى شاندێک گەیشتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى واژۆکردنى گرێبەستى هارودەکردنى گاز لەو وڵاتەوە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە عێراق.
وەزارەتى کارەباى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، رۆژی 5ـی تشرینى یەکەمى 2023، مەقسەد بابایێڤ، وەزیرى دەوڵەتى تورکمانستان بۆ کاروبارى غاز گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى واژۆکردنى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا کراوە.
رۆژی 24ـی ئابى 2023، شاندێکى وەزارەتى نەوتى عێراق لە تورکمانستان لەگەڵ بەرپرسانى کەرتى وزەى ئەو وڵاتە گەیشتنە رێککەوتنى بەرایی بۆ هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى گازى سرووشتى بۆ وێستگەکانی کارەبا، عێراق ناچارە رۆژانە نزیکەى 25 ملیۆن پێ سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات و لە بەرامبەردا نەوتى رەشی دەداتێ، هەنگاوێک کە ئەمریکا هانی عێراق دەدات کۆتایی پێبهێنێت.
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ