عێراق
چەند پۆستەرێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ژمارەیەک لە لایەن و بەربژێران لە خوارووی عێراق. وێنە: aawsat
رووداو دیجیتاڵ
زۆرترین خەرجیی رێگەپێدراو بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان لە بەغدایە کە دەگاتە نزیکەی 150 ملیار دینار. کەمترین لە موسەننایە کە 1.7 ملیار دینارە. لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی پارێزگاکان خەرجییەکە دەگۆڕدرێت، کە لەنێوان 4 بۆ 10 ملیار دینارە.
ئەو پێوەرە بۆ بەرزترین ئاستى خەرجی لە هەڵمەتى هەڵبژاردن بەگوێرەی رێکارێکە، کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ساڵی 2023 پەسندی کردووە، بۆ هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە 2024 کاری پێکراوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو رێکارانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاریان پێدەکرێت کە دەبێت بەربژێر و لیستەکان پابەند بن پێیانەوە."
بەگوێرەی رێکارەکە، تێچووی بانگەشە پارە و پێداویستیی دیکەی نادارایی دەگرێتەوە، کە لە ماوەی بانگەشە خەرج دەکرێت کە لە 3ی تشرینی یەکەمى 2025 دەستی پێکردووە و تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
بەربژێرانی تاک دەگاتە زیاتر لە یەک ملیار دینار
بۆ بەربژێرانی تاک (سەربەخۆ) و کۆتای پێکهاتەکان، بڕی خەرجیی بانگەشە بە شێوەیەکە کە لە هەر پارێزگایەک ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە لێکدانی 250 دینار دەکرێت و نابێت خەرجییەکانیان لەو بڕە تێپەڕێت.
زۆرترین خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بەربژێرانی تاک و کۆتا لە بازنەی پارێزگای بەغدایە، بەوپێیەی زۆرترین دەنگدەری هەیە لەسەر ئاستی عێراق کە 4 ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەرن.
بەو جۆرە بڕی پارەی رێگەپێدراو بۆ بانگەشەی هەرکام لەو بەربژێرانە یەک ملیار و 78 ملیۆن و 716 هەزار و 500 دینارە.
کەمترین تێچووی رێگەپێدراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای موسەننایە کە کەمترین ژمارەی دەنگدەری هەیە کە 510 هەزار و 767 بەربژێرە، بەو جۆرە خەرجییەکە رێگەپێدراوەکە دەگاتە 127 ملیۆن و 691 هەزار و 750 دینار بۆ هەر کەسێک.
بە گوێرەی هەمان پێوەر، بڕی خەرجیی بەربژێرانی تاک و کۆتا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە لە بازنەی سلێمانی 300 ملیۆن و 414 هەزار و 500 دینارە، لە هەولێر 271 ملیۆن و 970 هەزار دینارە، بۆ دهۆکیش 194 ملیۆن و 711 هەزار و 500 دینارە.
پارت و هاوپەیمانێتییەکان؛ خەرجى دەگاتە 149 ملیار دینار
پێوەرى بڕى خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان جیاوازە. هاوکێشەکەی بەو شێوەیەیە کە 250 دینار لێکدانی ژمارەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک دەکرێت و دواتر کەڕەتی ژمارەی بەربژێری لیستەکە دەکرێت.
بەغدا خاوەنى زۆرترین دەنگدەر و زۆرترین کورسییە لەسەر ئاستی عێراق کە پشکەکەی 71 کورسییە. هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی کە زۆرترین بەربژێری هەیە لە بەغدا بەراورد بە لیستەکانی دیکە کە 139 بەربژێرە، دەتوانێت زۆرترین خەرجیی بۆ بانگەشە هەبێت کە 149 ملیار و 941 ملیۆن و 593 هەزار و 500 دینارە، بەو پێیەی 139 لێکدانی 250 دینار و دواتر کەڕەتی ژمارەی دەنگدەرانی دەکرێت کە زیاتر لە 4.3 ملیۆنە.
کەمترین بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە لە پارێزگای موسەننایە کە تەنیا 7 کورسی پەرلەمانی هەیە و کەمترین ژمارەی دەنگدەریشی هەیە.
لە موسەننا هەر لیستێک رێگەپێدراوە تاوەکو 14 بەربژێری هەبێت، ئەو ژمارەیە لێکدانی 250 دینار و دواتر کەڕەتی ژمارەی دەنگدەرانی دەکرێ کە زیاتر لە 510.7 هەزار دەنگدەرە، بەو جۆرە بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە لەو پارێزگایە بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان 1 ملیار و 787 ملیۆن و 684 هەزار و 500 دینارە.
لەسەر بنەمای ئەو پێوەرە و بە گوێرەی ژمارەی دەنگدەران و بەربژێری رێگەپێدراوی پارت و هاوپەیمانێتییەکان، خەرجیی رێگەپێدراو دەگۆڕدرێ، هەرچەندە پارت و هاوپەیمانێتییەک بەربژێری زیاتر بێت، بڕی خەرجیی رێگەپێدراویشی بۆ بانگەشە زیاتر دەبێت، بەڵام بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، نابێت هیچ لیست و هاوپەیمانێتییەک زیاتر لە دوو هێندەی ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارێزگایەی هەبێت کە تێیدا ڕکابەری دەکات.
بەگوێرەی ئەو پێوەرە، زۆرترین بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە لە هەولێر 8 ملیار و 159 ملیۆن و 100 هەزار دینارە؛ سلێمانی 10 ملیار و 814 ملیۆن و 922 هەزار دینارە، بۆ دهۆکیش بڕەکەی 4 ملیار و 283 ملیۆن و 653 هەزار دینارە.
چۆن چاودێرى دەکرێت؟
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاودێریی چۆنییەتی خەرجکردنی پارەی بانگەشە لە چەند لایەنێکی جیاوازەوە دەکرێ، لەوانە لیژنەی چاودێریی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆن، دەستەی دەستپاکیی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی."
لە رێکارەکەدا هاتووە کە دەبێت بەربژێری تاک و کۆتا، پارت و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردن، ژمێریارێک دابنێن بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسە داراییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن و راپۆرتی لەبارەیەوە پێشکەش بکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "تێپەڕاندنی بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە، لیست و بەربژێرەکان رووبەڕووی سزای دارایی دەکاتەوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی لە لایەنێکی دیکەوە وەرگرتبێت، ئەوا دوور دەخرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ