دوای بەغدا دەستەبەری تەندروستی لە 7 پارێزگا جێبەجێ دەکرێت

06-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە بەغدا دەستەبەری تەندروستییان بۆ کراوە و ساڵی داهاتووش یاسای دەستەبەری تەندروستی لە 7 پارێزگا جێبەجێ دەکرێت، تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، ئامادەکارییان کردووە و ساڵی داهاتوو لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت.
 
پەرلەمانی عێراق، لە تشرینی یەکەمی 2020 پڕۆژەیاسای تەندروستیی ژمارە 22ـی ساڵی 2020ـی پەسندکرد کە لە 12 بەش و 44 مادە پێکهاتووە. پڕۆژەیاساکە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی تێدایە؛ شەش مانگ دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە. لە شوباتی 2021ـیشدا سەرۆککۆمار پەسندی کردووە.
 
سامان یابە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 06-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یاسای دەستبەری تەندروستی تەنیا لە پارێزگای بەغدا دەستیپێکردووە، لە پارێزگای کەرکووکیش ئامادەکارییان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە کردووە، شوێنیان لەنێوان بنکەی تەندروستی رووناکی لە کەرکووک بۆ تەرخانکراوە لەگەڵ کارمەند.
 
 بەگوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ساڵی داهاتوو لە یاساکە لە کەرکووک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
سەرەتا پڕۆژەکە لە بەغدا دەستیپێکردووە، لە سەرەتای جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا کارمەندانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی گرتووەتەوە، ئێستا زیاتر فراوان بووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە بەغدا دەستەبەری تەندروستییان بۆ کراوە. بەگوتەی ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی لە ماوەی ساڵی داهاتوودا 7 پارێزگا دەست بە جێبەجێکردنی یاسای دەستبەری تەندروستی دەکەن و بڕیارە لە ماوەی پێنج بۆ 7 ساڵی داهاتوودا لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت
   
وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، خزمەتگوزارییەکان لە زیاتر لە 24 دەزگای تەندروستی دابین کردووە، لەنێویاندا 11 نەخۆشخانەی تایبەت لە پارێزگای بەغدا، لەگەڵ 9 سەنتەری ددان و 4 تاقیگە.
 
گرێبەست لەگەڵ 28 دامەزراوەی حکومی کراوە، بۆ کردنی نەشتەرگەریی جۆراوجۆر و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەوانە راوێژکاری، دەم و ددان، تاقیگە، تیشک و چارەسەرکردن.
 
بەشداربووانی دەستەبەری 10% دەدەن، کاتێک سەردانی کلینیکەکانی راوێژکاری لە هەر دەزگایەکی تەندروستی دەکەن، لەکاتێکدا دەستەی دەستەبەری تەندروستی ئەوانی دیکە دەگرێتەئەستۆ، لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و، نەشتەرگەریکردن تەنیا 25% دەدەن.
 
ساڵانە بەشداربووانی تەمەن خوار 40 ساڵ مافی شەش سەردانیان هەیە و نەشتەرگەرییەک لەگەڵ خێزانەکانیان بەخۆڕایی بۆ هەر یەکێکیانە. هەروەها بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 40 ساڵە، هەمان مافیان هەیە لەگەڵ 8 سەردان. 
 
ئەو کەسانەی لە چاودێریی کۆمەڵایەتی ناونووسکراون، تەنیا 5%ـی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەدەن.
 
ئەوانەشی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، وەک شەکرە و پەستانی خوێن، بۆیان هەیە 12 رەچەتەیان هەبێت و شەش جار سەردانی پزیشک بکەن، ساڵانە بۆ ئەوانەی خوار 40 ساڵ و بۆ ئەوانەشی لە سەروو 40 ساڵەوەن، مافی 12 رەچەتە و 8 سەردانیی پزیشکیان دەبێت لە ساڵێکدا، بێ بەرامبەر.  
 
دیارترین خاڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی بریتییە لە دەستکردن بە تۆماری ئەلیکترۆنی و بەئەلیکترۆنیکردنی رێکارە حکومییەکان بۆ کارئاسانیی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیایی دۆسییەی پزیشکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا تیم دروستکراوە بۆ دابەشکردنی دەفتەری دەستەبەریی لەنێو فەرمانگەکانی دەوڵەت و خێزانەکان، ئەوەش بەگوێرەی یاسا. 
 
لە بەغدا لە 48 وەزارەت و دامەزراوەی جیاجیای دەستەبەری دەستیپێکردووە. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، خانەنشین و هاووڵاتییانیش دەگرێتەوە.  
 
بە گوتەی دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، تێچووی نەشتەرگەییەک لە کەرتی تایبەت 5 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەشداریکردن کە دەستەبەری تەندروستی و دەستەی دڵنیایی هاووڵاتییان لە 25٪ تێچووی نەشتەرگەرییە زیاتر نادات. حکومەت لە رێگەی سندووقی دڵنیاییەوە تێچووی 75٪ـی دیکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەدات، ئەوەش یەکەم جارە لە عێراق دەکرێت.
 
فەرمانبەر بە 1٪ مووچەی مانگانەکەی لەو دەستەبەرە بەشدار دەبێت، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی (خوار تەمەن 18 ساڵ)، هەروەها ئەوانەشی فەرمانبەر نین، دوو منداڵیان دەستەبەرەکە دەیانگرێتەوە.
 
بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ سێ قۆناخ دابەشبووە، قۆناخی پابەندبوون هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بۆ خانەنشینان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناچاری نییە، ئەوەی دەستبەری بۆ دەکرێت کارتێکی پێ دەدرێت، دوای شەش مانگ لە ناوتۆمارکردن، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی پێشکێش دەکرێت.
 
مانگانە کەسی بەشداربوو 10-50 هەزار دەدات ئەوەش بەگوێرەی پلەی وەزیفییە، پارەکەش زیاتر نییە لە 1٪ـی کۆی مووچەی فەرمانبەرەکە. 
 
ئەوانەشی لە پێدانی پارەی مانگانە دەبەخشرێن، بریتین لەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووانی نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی گورچیلەکانیان لەکارکەوتووە و سستە، کەسانی نیڤشکان، پەککەوتووانی هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، ئەو ژنانەی فەرمانبەر نین و خانشینانی ژن کە تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە