چوارچێوەی هاوئاهەنگی: لە ناوزڕاندن و کڕینی دەنگ دووربکەونەوە

06-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەکان" داوا لە لایەنەکان دەکات لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا  لە ناوزڕاندن، یەکترشکاندن و بەکارهێنانی پارە بۆ کڕینی دەنگ دووربکەونەوە داوای بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 6-10-2025، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی 244ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و دوایین گۆڕانکارییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێ کرد.
 
نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە ، چوارچێوەکە گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخی غەززە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی و نێوخۆیی تاوتوێ کردووە. داوای لە هەموو وڵاتان کرد بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتیی جیهانی و دوورخستنەوەی گەلان لەو شەڕ و ململانێیانەی کە هیچ براوەیەکیان تێدا نییە.
 
سەبارەت بە کاروباری نێوخۆیی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵەکانی حکومەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە وڵات تاوتوێ کرد و داوای زیادکردنی پشکی ئاو بەگوێرەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
 
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئامادەکارییەکان کردەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەکرێن.
 
هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کردووە "بەشدارییەکی کارا" بکەن، داواشی لە هێزە سیاسییەکان و بەربژێرەکان کردووە پڕۆگرامی هەڵبژاردنی خۆیان بخەنەڕوو، لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن دووربکەونەوە و پارە بۆ کڕینی دەنگ بەکارنەهێنن.
 
چەندجارێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دادەنێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوون کۆبوونەوەکە ناکرێت.  لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە بەردەوام بێت لە بەستنی دانیشتنەکانی بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە کارنامەکەیدا ماونەتەوە و بۆ خەڵکی عێراق گرنگن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە