رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 277 حەوزی ماسی لە داقووق رووخاند و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، سەرجەم حەوزەکانی ماسی لەو شارە بڕووخێندرێن کە ژمارەیان سێ هەزار حەوزی ماسییە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، 130 ملیۆن دینار زیانی کردووە. زیانی ئەو 277 حەوزەی تێکدراون، بە زیاتر لە شەش ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
جەواد ساقی، خاوەن حەوزی بەخێوکردنی ماسییە و بە رووداوی گوت، "هەندێک حەوزیان تێکدا کە 20 هەزار ماسی تێدا بوو، 300 بۆ 400 ملیۆن دینار تێچووی بووە، ئێمە هەوڵیان لەگەڵ دەدەین و ئەوان دەڵێن کێشەی خۆتانە، پێمگووتن بۆ لەبەر چاوم ماڵەکەم لەناو دەبەن من دەسەڵاتی هیچم نییە، کەچی دەڵێن کێشەی خۆتە، نە حەوزێکە و نە 100 و نە هەزار، تەنیا لە داقووق سێ هەزار حەوزی ماسی هەیە، کەمترین زیان 100 ملیۆن دینار بووە."
هەمووان هەوڵی رزگارکردنی ماسییەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکانیان دەدا لەو کاتەی کە حەوزەکانیان دەڕووخێندران. لە قۆناخی یەکەمدا 277 حەوز تێکدران و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، سێ هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە داقووق تێکبدرێن.
هاوار ئیبراهیم، خاوەن حەوزی ماسی دەڵێت، "ئەم کرێکارانە هاتوون بۆ ئەوەی بەشێک لە ماسییەکان رزگار بکەن و ئێمەش بتوانین لە بازاڕەکاندا ساخی بکەینەوە، ئەم کارەش تاوەکو رادەیەک سودی نییە، چونکە هەموو حەوزەکان تێکدراون و زیانەکانمان زۆر زۆرە و بە هەزاران حەوز تێکدراون."
ئەو حەوزانەی بەر هەڵمەتی تێکدان کەتوون، بە زیادەڕۆ دروستکراون. وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق سەرپەرشتیی رووخاندنی حەوزەکان دەکات و دەڵێت، ئەو حەوزانە کاریگەرییان لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەبووە.
زەکی ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک دەڵێت، "لەڕاستیدا مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکە مامەڵەیەکی مرۆڤانە بوو، هەوڵماندا بەپێی توانا زیانی زۆر بە خەڵک نەگات، مۆڵەتەکە لە 01ـی 12 تەواو بوو و، کارمەندانی سەرچاوە ئاوییەکان دەستیان بە رووخاندن کرد بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و حەوزەکان هەڵگیران."
بژێویی ژیانی زیاتر لە 15 هەزار کەس لەسەر حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسییە لە داقووق، هەروەها رۆژانە دەیان تۆن ماسیی داقووق هەناردەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ