عەباس عێراقچی: ئامادەین بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە خەڵک و سوپای سووریا بکەین

06-12-2024
پەیمان محەممەد
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا.
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و راوێژکردن لەسەر دۆخی سووریا. گوتیشی: ''ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی سووریا، بەو رادەیەی کە داوامان لێ بکرێت".
 
ئەمڕۆ هەینی 06-11-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەسام سەباخ، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سووریا لە بەغدان. 
 
عەباس عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: ''گفتوگۆیەکی زۆرباشمان هەبوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و جەختمان لەوە کردەوە دەبێت لەوبارەوە گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئێران و عێراقدا هەبێت.''
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق و سووریا کۆببنەوە. عێراقچی گوتی: ''لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێشوازییەکی زۆر لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئێمە لە بەغدا کرا و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەم دانیشتنانە بەردەوام بن.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە راوێژ و گفتوگۆکردن بۆ پرسی ئاڵۆزییەکانی سووریا. ''ئێمە خوازیاری راوێژکردن و هاوئاهەنگین [لەگەڵ عێراق] بۆ هاوکاریکردنی حکومەت و گەلی سووریا.''
 
لە رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2025ەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپەکانی نزیکی، هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکرد و شاری حەلەب و حەمایان گرت.
 
عەباس عێراقچی هەڵوێستی بەرپرسانی عێراقی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سووریا بە ''زۆرباش'' ناوبرد و گوتی: ''بە تەواوی ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی حکومەت، خەڵک و سووپای سووریا، بەو رادەیەی کە داوامان لێ بکرێت.''
 
پێشتر لە 1-11-2024، لەگەڵ ئاڵۆزبوونى دۆخى سووریا، وەزیرانى دەرەوەى عێراق و سووریا بە پەیوەندیی تەلەفۆنى ئەو دۆخەیان تاوتوێکرد، هەمان رۆژ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کرد و  باسی مەترسییەکانى دۆخى سووریای لەسەر ناوچەکە کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنى راوێژکارى گەنجانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کەوتەکار. وێنە: UNAMI

سێ گەنجی هەرێمی کوردستان دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنى گەنجانى عێراق

ئەنجوومەنى راوێژکارى گەنجانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کەوتەکار، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نەتەوە یەکگرەتووەکان لەعێراق دەڵێت، سێ ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە پشکى هەرێمى کوردستانن.