بۆنی گۆگرد و دووکەڵ هەناسەی بەغدای بڕیوە؛ 'خەریکە دەخنکێین'

06-12-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم دۆخە بۆ سووتاندنی زبڵ، دووکەڵی موەلیدە و کارگەکان دەگەڕێننەوە
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم دۆخە بۆ سووتاندنی زبڵ، دووکەڵی موەلیدە و کارگەکان دەگەڕێننەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکە بەغداییەکان لە هەفتەیەکدا 3 بۆ 4 رۆژ بەم دیمەنە رۆژەکانیان دەستپێدەکەن؛ دووکەڵ و بۆنێکی ناخۆش ئاسمان و زەوی پایتەختی عێراقی تەنیوە. وەزارەتی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم دۆخە بۆ سووتاندنی زبڵ، دووکەڵی موەلیدە و کارگەکان دەگەڕێننەوە.
 
هودا جەلیل، ئەندامی لیژنەی ژینگەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لەوبارەیەوە دەڵێت، "بێگومان چارەسەری پێویست ئەوەیە کارەکانی سووتاندن لە سەربازگەی رەشید رابگیرێن، هەروەها راگرتن یان کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی کارگەکانی خشت."
 
بەدواداچوونی مەیدانیی تیمەکانی حکومەت، چەندین شوێنی سووتاندنیان لە دەوروبەری بەغدا ئاشکرا کردووە، بەتایبەت لە ناوچەی سەربازگەی رەشید. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش سەدان کوورەی تواندنەوە، کارگەی خشت و قیریان راگرتووە.
 
 لیوا موحسین کازم، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، "تەنیا سووتاندنی زبڵ و خاشاک لە سەربازگەی رەشید هۆکاری ئەم دۆخە نییە، بەڵکو کارگە جیاوازەکان، بەتایبەتی کارگەکانی دروستکردنی خشت کە هەندێکیان لەدەرەوەی رێنماییەکان کار دەکەن، هۆکارن و ئێمەش رێکارمان دژیان گرتووەتەبەر."
 
وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، دیاردەی کەشناسیی "پێچەوانەبوونەوەی گەرمی" وایکردووە پیسییەکە لە نزیک رووی زەوی قەتیس بمێنێتەوە و بڵاونەبێتەوە، ئەمەش بە هۆکاری مانەوەی ئەو دووکەڵە دادەنێن.
 
حوسێن ئەحمەد، کاسبکارە و باس لەوە دەکات، "لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی ژینگە با چارەسەرێکمان بۆ بکەن، بەڕاستی دۆخمان زۆر خراپە، بەتایبەتی ناوچەی کەرخ. سوێند بە خوا بۆنی ئەو گۆگردە [کبریتە] دێتە ژوورەکانمانەوە و خەریکە دەخنکێین."
 
کەرار جەمال، کرێکارە و دەڵێت، "یەکەم شت منداڵان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، تەنانەت گەنجەکانیش؛ کاتێک ئەو بۆن و دووکەڵە هەڵدەمژین تووشی هەناسەتەنگی دەبین. باشە بۆچی زبڵ دەسووتێنن؟ بڕۆن بۆ شوێنێکی دوور و زبڵەکانتان فڕێ بدەن."
 
 ئەحمەد عەلی، کاسبکارێکی دیکە و باس لەوە دەکات، "منداڵەکانمان زیانیان بەرکەوتووە، خەریکە دەخنکێن. ئەمە چییە هاتووە؟ باشە ئەی نابێت حکومەت چارەسەرێکی بکات؟ ئەی کێ چارەسەری ئەم دۆخە بکات؟"
 
بەگوێرەی پلاتفۆرمی IQAir، ئەم ماوەیە بەغدا زۆر جار پلەی یەکەم و دووەمی لەنێو پیسترین شارەکانی جیهان گرتووە؛ بەجۆرێک هەندێک جار پێنوێنی کوالێتیی هەواکەی 500 خاڵی تێپەڕاندووە، کە بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە مەترسیدارە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."