رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، بەشێکی زۆری ئەو باڵۆنانەی مادەی هۆشبەریان هەڵگرتووە و دەنێردرێنە ئاسمانی عێراق لە سووریاوە هەڵدەدرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق نەبووەتە بەرهەمهێنی مادەی هۆشبەر و هێشتا وەک رێڕۆ لەلایەن بازرگانانەوە بەکاردەهێنرێ.
ئەمڕۆ شەممە، 6ی کانوونی یەکەمی 2025، عەمید میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق ئێستاش وەک رێڕۆ لەلایەن بازرگانەکانەوە بەکاردەهێنرێ بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و جگە لەو کارگەیەی مانگی 10ی پار لە سنووری سلێمانی دەستی بەسەردا گیرا، هیچ کارگەیەکی دیکە نییە لە نێوخۆدا مادەی هۆشبەر بەرهەمبهێنێت."
کارگەکەی سنووری سلێمانی لە سنووری ناحیەی مەیدان لە نزیک دەربەندیخان بوو. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "لە کارگەکەدا 4 تۆمەتبار دەستگیرکران و دەست بەسەر 150 بۆ 180 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا."
عەمید میقداد دەڵێت: "ئێستا سنوورەکانمان بەتەواوی تووندوتۆڵ کردوون، بۆیە ئێستا ئەو بازرگانانە ناچارن لە رێگەی بەکارهێنانی باڵۆنەوە مادەی هۆشبەر بهێننە نێو عێراق، بەڵام رێگری لەو کارەشیان دەکرێ و ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوومان شایەتی ئەوەن."
30ی تشرینی دووەم، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دیمەشق، هێزەکانیان چوونەتە نێو خاکی سووریا و دوو "بازرگانی نێودەوڵەتی"ـی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە بڕێکی زۆر حەشیش ببەنە نێو عێراق.
4ی ئەم مانگەش، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگای ئەنبار و مەیسان رێگرییان کرد لە دزەپێکردنی زیاتر لە 37 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر بۆ نێو خاکی عێراق لە رێگەی باڵۆنەوە.
میقداد میری گوتی: "بەشێکی زۆری ئەو باڵۆنانەی مادەی هۆشبەریان هەڵگرتووە و دەنێردرێنە نێو ئاسمانی عێراق، لە سووریاوە هەڵدەدرێن. لەماوەکانی رابردووشدا چەندین جار ئۆپەراسیۆنمان لەنێوخۆی سووریا هەبووە بۆ بنبڕکردنی ئەو بابەتە."
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەزگا تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی باڵامان هەیە و هەوڵی هەردوولامان رێگریکردنە لە زیادبوونی ئەو دیاردەیە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تاوەکو 25ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ 1201 تۆڕی بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە کە 1030 تۆڕیان نێوخۆیی و 171 تۆڕی نێودەوڵەتی بوون. هەروەها دەستیش بەسەر 14 تۆن و 20 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ