رووداو دیجیتاڵ
چوار پارتى کریستیان لە سنوورى نەینەوا داوا دەکەن تۆماری دەنگدەرانی کریستیانەکان جیابکرێتەوە، تەنیا کریستیانەکانی بۆیان هەبێت دەنگ بە کۆتای کریستیان بدەن.
لە راگەیێندراوێکدا چوار پارتى کریستیان لە سنوورى نەینەوا، دواى رەتکردنەوەى تانەکانیان لە دادگەى کارگێڕى دژ بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان لەو پارێزگایە، رەخنە لە شێوازى نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکان دەگرن لە ئەنجوومەنى پارێزگا، کە پێیانوایە لە رێگەى یاسایەکى هەڵبژاردنى، "شێواو" بووە و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافى مرۆڤ و پێکهاتەکان و دەستوورى عێراق ناگونجێت.
26ى کانوونى یەکەمى 2024 دادگەى کارگیڕى سکاڵاى 7 قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو.
ئەو چوار پارتە بریتین لە یەکێتى بەیت نەهرەین، ئەنجوومەنى گەلى کلدانی و سریانى و ئاشوورى، پارتى بەیت نەهرەینى دیموکراتی و بزووتنەوەى دیموکراتى ئاشوورى.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەو چوار پارتە ئاماژەیان بەوە داوە کردنەوەى دەنگدانى هەموو دەنگدەرێک بۆ کۆتای پێکهاتەکان، وای کردووە کەسانێک دەردەچن کە نوێنەرایەتییەکى راستەقینەى ئەو پێکهاتانە ناکەن و بەهۆیەوە مافە رەواکانیان لە نوێنەرایەتیى سیاسییان لە ئەنجوومەن و دیاریکردنى سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان پێشێل دەکرێت.
ئەو پارتانە داوا دەکەن دەنگدان بە کۆتاکان لە هەڵبژاردنەکان وابێت کە دەنگدان پێیان سنووردار بکرێت بەو پێکهاتانەوە.
عیسام بەهنام، قایمقامى حەمدانیە لە سنوورى نەینەوا، کە ناوچەیەکى زۆرینە کریستیانە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو راگەیێندراوە تێڕوانینى گەلى کریستیانە، کە متمانەیان بە یاساى هەڵبژاردن نییە، بەهۆى ئەوەى کۆتا کراوەیە بۆ دەنگدانى هەمووان و ئەوە دۆخەکەى گەیاندووە بەوەى ئێستا هەیە."
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنەکانى عێراق، کریستیانەکان لە پەرلەمان 5 کورسیى کۆتا و لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان چوار کورسییان هەیە، کە یەکێکیان لە نەینەوایە.
عیسام بەهنام گوتى، "گرنگە گۆڕانکاری لە یاساى هەڵبژاردن بکرێت و دەنگدان بۆ کورسیى کۆتاى کریستیانەکان تەنیا لەلایەن کریستیانەکانەوە بێت، تاوەکو نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنى پارێزگا و پەرلەمان راستەقینە بێت."
1ى تەممووزى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریی لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیدا کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کرا، کە یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان یەکێکە لە پێکهێنەرانى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ