بەهۆى رووداوەکەى بەسرە، سوودانى سێ بڕیار بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەردەکات

07-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق سێ بڕیار ئاڕاستەى سەرجەم پارێزگاکان دەکات بۆ پاراستنى گیانى قوتابیان، لەوانە دروستکردنى پردى پەڕینەوە و دانانى تاسەى دەستکرد لە نزیک قوتابخانەکان، ئەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو رووداوەى کە لە بەسرە روویدا و بەهۆیەوە شەش قوتابى گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو بڕیارانە بەگوێرەى نووسراوێک بووە کە لە 3ى نیسانى 2024، ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاڕاستەى سەرجەم پارێزگاکانى کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا بڕیاردراوە بە دروستکردنى پرد لە نزیک ئەو قوتابخانانەى کە لەسەر رێگە سەرەکییەکانن، هەروەها دانانى تاسەى دەستکرد لە نزیک ئەو قوتابخانانەى نزیکن لە رێگە گشتییەکان و نیشانەى  ئاگادراکردنەوە دابندرێت بۆ هۆشداریدان لەوەى ئەو شوێنە قوتابخانەى لێیە. 
 
بڕیارى سێیەم پەیوەندارە بە ئامادەبوونى پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ لە نزیک قوتابخانەکان لەکاتى دەستپێکردن و کۆتاییهاتنى دەوامى قوتابخانەکان. 
 
7ى نيسانى 2027، فەلاح یایچی، قایمقامى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو بڕیارانەى نووسینگەى سەرۆکوەزیران ئاگادار کراونەوە، بەڵام نووسراوەکەیان بەفەرمى پێنەگەیشتووە.
 
فەلاح یایچی گوتیشى، "بەر لەو نووسراوە، قائیمقامیەتى کەرکووک بەشێک لەو رێوشوێنانەى گرتووەتەبەر کە لە نووسراوەکەدا هاتوون. 
 
ئەو بڕیارانەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەسەر بنەماى ئەو رووداوە بوو کە لە3ى نیسان لە قەزای هاریسە لە بەسرە روویدا و ئۆتۆمبێلێک شەش منداڵی لە رێگەی قوتابخانە کوشت و 11ی دیکەشی بریندار کرد.
 
لە نووسراوەکەى نووسینگەى سوودانى هاتووە کە  لە رێگەى تیمى چاودێرى سەرجەم پارێزگاکان کە پەیوندارن بە نووسینگەکەیانەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو رێوشوێنانە دەکات بەمەبەستى ئەوەى لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنى گیانى قوتابیان.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە