هێڵى ئاسنینى عێراق بۆ رووداو: هەرێمى کوردستان بە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدانەوە دەبەسترێتەوە

07-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق و تورکیا لەسەر تێپەڕینى شەمەندەفەرى رێگەى گەشەپێدان بە دهۆکدا رێککەوتوون کە شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستانى پێوە دەبەسترێتەوە. بە گوتەى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق، ساڵى 2025 دەست بەجێبەجێکردنى رێگەى گەشەپێدان دەکرێت.
 
رۆژی 4ى نیسان، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکایەتى شەشەمین کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى رێگەى گەشەپێدانى کرد، چەند بڕیار و راسپاردەیەک دەرکران، لەوانە ناردنى شاندێکى دیپلۆماسی عێراقى بە هاوئاهەنگى لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوروپا بۆ تاوتێکردنى رێڕەو و وێستگەکانى ئەو هێڵە ئاسنینەى چوارچێوەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
پێشتریش شاندێکى عێراق لە 26 ى ئادار، بە سەرۆکایەتیى ناسر ئەسەدى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى گواستنەوە سەردانى تورکیای کرد. ئەندامانى دیکەى شاندەکە پێکهاتوون لە یونس خالید، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق و سەفا جەبار ناسر، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بوون.
 
یونس خالید، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق کە بەشدارى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق راگەیاند، دەستکردن بە کارکردن لە رێگەى گەشەپێدان پەیوەندارە بە تەواوبوونى نەخشەى بنەڕەتى پڕۆژەکە کە پێشبینی دەکرێت لە نێوەڕاستى 2025 بێت.

 

 
بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق رایگەیاند،  تورکیا و عێراق لە بارەى پرسی تێپەربوونى هیڵى ئاسنینەکە بە پێشابووردا رێککەوتوون کە لە رێگەى پارێزگاى دهۆکەوە بێت، ئەو پرسەش لەرێگەى نامە و نووسراوى فەرمى ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وەزارەتى دەرەوەى تورکیا و عێراق جێگیر کراوە.
 
رێگەى گەشەپێدان، هێڵێکە کە 15 کۆمپانیا جێبەجێى دەکەن، بەگوێرەی دیزاین و پلانەکە، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
 
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێپەڕدەبێت، لە دواى شارى فاو و بە تێپەڕبوون بە پارێزگاى بەسرە، دەچێتە سنوورى شارى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار و دواتر بە شارەکانى دیکەى سەماوە، ناوەندى پارێزگاى موسەننا، دیوانییە، نەجەف، کەربەلا و بابل و بەغدا تێپەڕ دەبێت.
 
دواى بەغدا هێڵەکە بە هەردوو قەزاى سامەڕا و بێجى لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین تێپەڕ دەبێت بەر لەوەى بگاتە سنوورى شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا و لەوێ بەسەر رووبارى دیجلەدا دەپەڕێتەوە و درێژدەبێتەوە بۆ ناحیەى رەبیعە لەسەر سنوورى سووریا و ئینجا بۆ ناوچەى پێشابوور بەر لەوەى بچێتە تورکیا.
 
یونس خالید دەڵێت، "لە توێژینەوەى کۆتایی سوودى پڕۆژەکە هاتووە کە سەرجەم پارێزگاکان لەرێگەى هێڵى ئاسنین و هێڵى خێرا ببەسترێتەوە بە رێگەى گەشەپێدانەوە بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشەوە."
 
لە مانگى شوباتى رابردوو، عێراق و تورکیا رێککەوتن بۆ ئەوەى نووسینگەى دوولایەنە لە هەردوو وڵات بکەنەوە بۆ بەدواداچوونى کارەکان بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە.
 
پڕۆژەکە بەسێ قۆناخ دەبێت، قۆناخى یەکەم لە 2028 تەواو دەبێت بەوەى بەندەرى فاو  لە بەسرە ئامادە دەبێت و پێشوازى لە کەشتییە بارهەڵگرەکان بکات، قۆناخى دووەم لە 2033 تەواو دەبێت بە دانانى رێگەى ئاسنینى شەمەندەفەرەکان، قۆناخى سێیەمش لە ساڵى 2050 کۆتایی دێت کە هێڵەکە لەفاوەوە تاوکو تورکیا ئامادە دەبێت.
 
 
 
 
 
 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.