رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە دەربڕی.''
رۆژی یەکشەممە 07-04-2024، محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام رایگەیاند، ''ژمارەیەک تەوەری گرنگ خرانە بەرباس کە گرنگترینیان تاوتوێی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بوو''.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق هەبوو. محەممەد ئەمین فارس گوتی، هەردوو سەرۆک ''باسیان لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت کرد."
بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، "هەوڵدەدرێت میکانیزمێکی بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزرێتەوە ''بۆ ئەوەی شاندەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا لە کاتی دروستبوونی كێشەدا سەردانی بەغدا نەکەن، بەڵکو پەیوەندییەکان بەردەوام بن. پێویستە میکانیزمێک هەبێت کە لە رێگەیەوە رێگری لە دروستبوونی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت''.
محەممەد ئەمین فارس دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق پشتیوانیی خۆیان لە هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە دەربڕی و جەخت لەوە کرایەوە؛ ''پێویستە بە گۆڕینی یاسای بودجەی گشتی یان هەموارکردنەوەی یاساکە، چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە."
هاوکات هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی گوت، ''ئەگەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لەنێو یاسای بودجەدا بخرێتە خانەی خەرجیی سەروەری، ئەوە سەرجەم کێشەکانی چارەسەر دەبن."
شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا بەشدار بوو و ، جەختی له خواستى جیديى هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.
محەممەد ئەمین فارس گوتی، ''ئێستا سەرجەم لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە بەردەوامبوونی کێشەکان لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە.''
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لایەن هەن کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیانەوێت بەردەوام کێشە بنێنەوە، ''بەڵام ئەو رێککەوتنەی ئێستا [لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا] هەیە، هەموو لایەنەکانی گەیاندووەتەوە ئەو ئەنجامەی، دەبێ کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
رۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیدار لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و بەشداربوون لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەیشتە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ