رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، ئەمشەو سێ جار بارەگا و پێگەکانی لیوای 13ی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزاکە بۆردوومان کران، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان دیار نین.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو سێ جار بارەگا و پێگەکانی لیوای 13ی حەشدی شەعبی لە نزیک بازگەی شەهید حەیدەر لە ناوچەکانی سەعدە و کەرابلە لە قەزای قائیم بۆردوومان کراون."
سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکان و زیانەکان، قایمقامی قائیم ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی هێرشەکان تازە روویانداوە، تاوەکو ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکان نەزانراون.
ئەو بارەگایانەی کراونەتە ئامانج، سەر بە لیوای 13ی حەشدی شەعبین کە بە (لیوای تەفوف) دەناسرێت. ئەم لیوایە لەلایەن قاسم موسڵح-ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و یەکێکە لەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا جێگیر کراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بە فەرمی بڵاویکردوونەتەوە، لە 28ی شوباتەوە، زیاتر لە 90 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی حەشد و هێرشەکان پتر لە 24 لیوای جیاوازیان کردووەتە ئامانج.
لەو ماوەیەدا، زۆرترین ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردوومان کراون، لیواکانی سەر بە "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" بوون کە نۆ جار هێرشیان کراوەتە سەر؛ حەوت هێرشیان بۆ سەر لیوای 45 و دوو هێرشیشیان بۆ سەر لیوای 47 بووە کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار باڵادەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ