پلاندانانی عێراق خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان رادەگەیێنێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق خزمەتگوزارییەکی نوێی ئەلیکترۆنیی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هاوتایی ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیانە راگەیاند کە هاوردەی وڵاتەکە دەکرێن، گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، هاوردەکاران دەتوانن بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، دەزگای ناوەندیی بۆ پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری، خزمەتگوزارییەکی نوێی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە دەرکردنی 'پشتراستکردنەوەی هاوتایی' بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیانەی هاوردەی عێراق دەکرێن دەستپێکردووە.
 
بە گوتەی هینداوی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئاراستەکانی وەزارەت دایە بۆ بەهێزکردنی گۆڕانی دیجیتاڵی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا، روونیشی کردەوە کە ئەم رێکارە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی دەزگاکە و ئاسانکارییە لەبەردەم هاوردەکاران.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاند :" خزمەتگوزارییەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەردەست کراوە، ئەمەش رێگە بە هاوردەکاران دەدات مامەڵەکانیان بە شێوەیەکی تەواو ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات خۆیان سەردانی فەرمانگەکان بکەن."
 
سەبارەت بە چۆنیەتی پێشکێشکردنی داواکارییەکان، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "هاوردەکاران دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن و هەموو قۆناخەکانی مامەڵەکانیان لەرێگەی ماڵپەری فەرمیی دەزگاکە و لەرێگەی 'پلاتفۆرمی ئۆر' ئەنجام بدەن، کە یەکێکە لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە باوەڕپێکراوەکانی حکومەت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان."
 
وەزارەتی پلاندانان جەخت دەکاتەوە کە پەیڕەوکردنی ئەم خزمەتگوزارییە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کات و ماندووبوون، هەروەها بەهێزکردنی شەفافیەت و بەرزکردنەوەی کارایی رێکارە کارگێڕییەکان.
 
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی مەرجەکانی هاوردەی ئۆتۆمبێل رایگەیاندبوو: "هاوتایی و مەرجەکانی هاوردەی ئۆتۆمبێل تەنیا جۆرێکی دیاریکراوی ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە دەهێندرێنە نێو عێراق. ئامانجەکە ئەوەیە کە دەبێت تایبەتمەندییەکانی عێراقیان تێدابێت و ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵ کەشوهەوای عێراق بگونجێت، بەبێ رەچاوکردنی وڵاتی دروستکەر و جۆری ئۆتۆمبێلەکە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە