رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2023ـەوە 19 پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژییان کردووەتەوە.
زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکێک لە پڕۆژە گەورەکان بریتی بووە لە پڕۆژەی دروستکردنی ئامێری رشێنەر بۆ ئاودێری کە لەلایەن کۆمپانیای ڤالی ئەمریکییەوە جێبەجێ دەکرێت و ساڵانە هەزار و 100 ئامێری رشێنەر بەرهەم دەهێنێت، کە بە قیستی دوورمەودا دەدرێتە جووتیاران. توانای رشاندنی هەر ئامێرێک لە 60 دۆنمەوە تاوەکو 180 دۆنم دەبێ."
زوحا جبووری دەشڵێت: "کردنەوەی کارگەی دروستکردنی جۆرەکانی ژیناو لە سامەڕا یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگەکان کە خزمەتێکی گەورە بە کەرتی تەندروستی دەکات. کارگەکە ساڵانە 14 ملیۆن و 700 هەزار ژیناو بەرهەم دەهێنێت."
یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکان، "کۆمپانیای گشتیی باشوور بۆ پیشەسازی پەیین و قڕکەرەکانە کە ساڵانە 500 هەزار تۆن قڕکەری مێروو بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ مادەی یوریای قڕکەر بە توانای هەزار تۆن لە رۆژێکدا."
دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کاربۆناتی سۆدیۆم لە پارێزگای ئەنبار پڕۆژەیەکی دیکە بووە "بە توانای رۆژانەی 300 تۆن. ئەو مادەیە لە پیشەسازیی شووشە و پیشەسازییەکانی دیکەدا بەکاردەهێندرێت."
دروستکردنی پەیینی نایترۆجینی لە قەزای بێجی پارێزگای سەلاحەدین "کە ساڵانە سەروو 672 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ پەرەپێدانی هێڵی بەرهەمهێنانی گۆگرد لە نەینەوا، بە توانای ساڵانەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن" پڕۆژەی دیکە بوون.
وەک گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان دەڵێت، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ئەی ئاڕ جی ئیماراتی واژۆکردووە بۆ بەرهەمهێنانی پەیینی فۆسفاتی لە پارێزگای سەلاحەدین، بە توانای ساڵانەی 240 هەزار تۆن "کە پاڵپشتییەکی گەورەی کەرتی کشتوکاڵ دەکات."
زوحا جبووری ئاماژە بەوەش دەکات: "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ کۆمپانیای سیپکۆی چینی واژۆکردووە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەکی تایبەت بە پیشەسازی پترۆکیمیایی لە کەربەلا، لەسەر رووبەری پێنج هەزار و 300 دۆنم زەوی کە ئێستا زیاتر لە 60٪ـی کارەکانی تەواوبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ