کۆمەڵەی بانکە عێراقییەکان بۆ رووداو: بەجێکردنی مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەتمان دەستپێکردووە

07-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جێبەجێکار لە کۆمەڵەی بانکە تایبەتە عێراقییەکان دەڵێت، مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت بەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی ئەو هەنگاوەش کارمەندانی کەرتی تایبەت وەک فەرمانبەرانی حکومەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایار، عەلی تارق، سەرۆکی جێبەجێکار لە کۆمەڵەی بانکە تایبەتە عێراقییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە مانگی رابردووەوە بە چڕی دەستکراوە بە بەجێکردنی مووچەی کارمەندانی کۆمپانیا تایبەتەکان و لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، کارمەندانی کەرتی تایبەت وەک فەرمانبەرانی حکومەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لە رووی خزمەتگوزاری بانکی و قەرزپێدانەوە."
 
بە گوتەی سەرۆکی جێبەجێکار لە کۆمەڵەی بانکە تایبەتە عێراقییەکان، "پلانەکە دەستی پێکراوە و سەرجەم کۆمپانیا و کارگەکانی کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، بە ئەگەری زۆریشەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستانیش دەستپێدەکرێت."
 
وەک عەلی تارق دەڵێت، "بەجێکردنەکە لە رێگەی 72 بانکی حکومی و تایبەتەوە دەکرێت. پلانەکەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کەرتی بانکییە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئێرنست ئەند یۆنگ و ئۆلیڤەر وایمانی ئەمریکییەوە سەرپەرشتی دەکرێت."
 
سەرۆکی جێبەجێکار لە کۆمەڵەی بانکە تایبەتە عێراقییەکان ئاماژە بەوەش دەکات، "گەشەسەندنی بەرچاو لە زۆرێک لە کەرتەکاندا بەدی دەکرێت کە ئەمەش پێویستی بە سیستمێکی بانکیی بەهێزە بۆ بەردەوامبوون، بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش یەکێک دەبێت لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ ئەو بەردەوامییە و دەبێتەهۆی ئەوەی بە ئاسانی و خێراتر دەستیان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بگات."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نزیکەی 10 ملیۆن دەستی کار لە عێراقدا هەن کە 62٪ـیان لە کەرتی تایبەتدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە