رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق داوا لە دەستەى دەستپاکى دەکات لێکۆڵینەوە لە زیادبوونى سامانی 14 ئەفسەر و کارمەندى دەزگاى هەواڵگرى و ئەو وەزارەتە بکات، تاوەکو رێوشوێن لەدژیان بگیرێتەبەر. لەنێو ئەو کەسانەدا ئەحمەد ئەبو رغیف، سەرۆکى لیژنەى پێشووى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى و زیا موسەوى، سەرۆکى پێشووی دەزگاى هەواڵگرى نیشتیمانى هەن.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، کە 5ى حوزەیرانى 2023 ئاراستەى دەستەى دەستپاکیى عێراقى کردووە، داوا دەکات لێکۆڵینەوە بکرێت لە زیادبوونى سامانی 14 ئەفسەر و کارمەندى وەزارەتى ناوخۆى عێراق.
ئەحمەد ئەبو رغیف، بریکارى پێشووى هەواڵگریى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، یەکێکە لەو کەسانەى کە ناوى لە لیستەکەدا هەیە. پێشتر سەرۆکى لیژنەیەکى تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى، کە لەلایەن مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێندرابوو، لە 21ى تەممووز بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیران، ئەبو رغیف خانەنشینکرا لەسەر بنەماى ئەنجامى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە، کە گوایە ئەشکەنجەى دەستگیرکراوانى داوە.
یەکێک لەو ئەفەسەرانەى دیکە کە وەزارەتى ناوخۆ داوای کردووە لە قەبارەى موڵک و ماڵى بکۆڵنەوە، زیا موسەوى، سەرۆکى پێشووى دەزگاى هەواڵگرى نیشتیمانى عێراقە، کە لە مانگى ئادارى رابردوودا خۆى رادەستى دادگەى عێراق کرد، لەدواى ئەوەى تۆمەتبارکرا بەوەى رۆڵى هەبووە لە بردنى 3.7 تریلیۆن دینار لە بانکى رافیدەین کە بە "دزى سەدە" ناسراوە.
دوو کارمەندى دیکەى دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانی لەنێو نووسراوەکەدا ناویان هاتووە، ئەوانى دیکە ئەفسەرن لە وەزارەتى ناوخۆ.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو نووسراوە بۆ لێکۆڵینەوەى بەرایی بوو لەگەڵ ئەو کەسانەدا، کە زۆرینەیان لەعێراقن.
سەگڤان سندى گوتیشى: "ئەگەر دەربکەوێت موڵک و ماڵیان بەشێوەیەکى ناسرووشتى زیادی کردووە، بەگوێرەى یاساى دەستەى دەستپاکى سزا دەدرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ