لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دیارنەمانی ئاسکەکانی مەندەلی پێکدەهێندرێت

07-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دیارنەمانی ژمارەیەکی زۆری ئاسکی جۆری "ریم" لە قەزای مەندەلی، پارێزگاری دیالە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، گومان دەکەن ئاسکەکان دزرابن یان بە قاچاخ فرۆشرابن.
 
عەلی زوهێری، قایمقامی قەزای مەندەلی لە سنووری پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە، لیژنەیەکی فەرمیی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی چارەنووسی ئاسکە دیارنەماوەکانی قەزای مەندەلی پێکهێناوە.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی، کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی شەعبان دانووک رەشید، ئەندازیاری کشتوکاڵی، پێکهێنراوە و هەریەک لە یاسین کازم جەبار، قەیس سادق عەلی، مستەفا محەممەد و بەدری عەبدولجەبار ئەندامی لێژنەکەن. ئەرکی لیژنەکە ئامادەکردنی راپۆرتێکی وردە لەبارەی هۆکار و چارەنووسی ئاسکەکان.
 
قایمقامی مەندەلی گوتی: "لیژنەکە سبەی سێشەممە دەستبەکار دەبێت و سەردانی ئەو شوێنە دەکەن کە ئاسکەکانی تێدا بووە. ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە دەکەین و پێش رووداوەکان ناکەوین."
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025 قایمقامی قەزاکە بە رووداوی رایگەیاندبوو لە کۆی زیاتر لە 400 ئاسک، تەنیا نزیکەی 10 ئاسک ماون.
 
عەلی زوهێری، کە ماوەی هەشت مانگە پۆستەکەی وەرگرتووە، گومانی هەیە ئاسکەکان "دزرابن یان بە قاچاخ فرۆشرابن" و دەڵێت، کاتێک بەدواداچوونی کردووە، بۆی دەرکەوتووە کە ئاسکەکان پێش دەستبەکاربوونی ئەو نەماون. ئەو ئاسکانە پێشتر لە شوێنێکی پەرژینکراودا بوون و لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵی پارێزگاکەوە سەرپەرشتی دەکران.
 
بە گوتەی زوهێری، "ئەم دیاردەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر فرەچەشنیی ژینگەیی و پێویستی بە جووڵەیەکی خێرای لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان."
 
ئاسکی ریم، کە بە ناوی زانستیی (Gazella subgutturosa) ناسراوە، یەکێکە لەو جۆرە ئاسکانەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە بیابان و نیمچەبیابانەکانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەژی و بە یەکێک لە ئاژەڵە دەگمەنەکان دادەنرێت، کە رووبەڕووی مەترسیی لەنێوچوون بووەتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە