رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاری دا بە دروستکردنى کارتى پارەدانى نێوخۆیی و بەجێکردنى مووچەى کارمەندانى کەرتى تایبەت و کاراکردنی ئەپلیکەیشنی یەکگرتووی پارە کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی.
میدیای فەرمیی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە دەرکردووە.
یەکێک لە بڕیارەکان، کاراکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنیی ناوخۆییە کە چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکرێت، لەگەڵ کاراکردنی پڕۆژەی پارەدانی خێرا.
بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق کە لە 24ـی حوزەیران ئاراستەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کراوە، لە کۆتایی ئەم ساڵەوە لە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی، پڕۆژەی پێدانی کارتێکی بانکیی نێوخۆیی یەکگرتوو بە هاووڵاتییان دەستپێدەکات.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی سەرۆکوەزیران، کاراکردنی ئەپلیکەیشنی یەکگرتووی پارە کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنییە، لەگەڵ بەجێکردنى مووچەی کەرتی تایبەت هاوشێوەی کەرتی گشتی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی عێراق، ئێستا نزیکەی 22 ملیۆن کارتی ئەلیکترۆنیی پارەدان لە عێراق هەن، کە لەلایەن بانکەکانەوە دەرکراون، لە کاتێکدا ساڵی 2022 ژمارەی ئەو کارتانە نزیکەی 16 ملیۆن کارت بوون.
میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاندووە، سوودانی بڕیاری داوە بە دروستکردنی سەنتەرێکی یەکگرتوو بۆ سکاڵاکانی پەیوەست بە کارەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ