رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق چەند بڕیارێکی دەکرد، لەوانە هەرزانکردنی نرخی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7-7-2025، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرپەرشتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، دیارترینیان کەمکردنەوەی نرخی دەرکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کەمکردنەوەی رێژەی ئەو بڕە پارەیەیە کە لە کاتی کڕیندا لێی دەبڕدرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنەکە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا، کە وەزیرانی پلاندانان، دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ئەزموونی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم فراوانکردنی کرا.
ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی تایبەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی دەرکرد، لەوانە:
- کەمکردنەوەی تێچووی دەرکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە رێژەی 50%، بە مەرجێک لە 5000 دینار زیاتر نەبێت.
- کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی (عوملە) لە کاتی کڕیندا دەبڕدرێت بۆ رێژەی (پێنج لە هەزار) واتە 0.5%.
- پابەندکردنی وەزارەتی نەوت بەوەی لە ماوەی شەش مانگدا رێژەی بەکارهێنانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە وێستگەکانی سووتەمەنی (حکومی و کەرتی تایبەت) بۆ لانیکەم 50% بەرز بکاتەوە.
ئەم بڕیارانە لە 1-1-2026ـەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی پێیەوە پابەند دەبن.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان پشتگیریکردنی کارگەکانی خشت بوو، کە تێیدا ئەنجوومەنەکە راسپاردەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە نرخی یەک تۆن گازی شل بۆ کارگەکانی خشت بە 250 هەزار دینار دیاری بکرێت، ئەمەش بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی کارگەکانە.
هاوکات، ئەنجوومەنەکە رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکی وەزارەتی نەوت نیشان دا سەبارەت بە پڕۆژەیەکی دانانی کۆمپرێسەری گاز لە کێڵگەی رومێلەی باکوور. هەروەها رەزامەندیی لەسەر داوای وەزارەتی کارەباش دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی کۆمپانیایەکی جێبەجێکار لە پڕۆژەی دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا لە ئامرلی و فەرحاتییە.
لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی وەزارەتی کشتوکاڵ خوێندرایەوە سەبارەت بە رەوشی کشتوکاڵ، ئاوی بەنداوەکان و بەرهەمی رووەکی و ئاژەڵداری. راپۆرتەکە چەند راسپاردەیەکی خستبووەڕوو، لەوانە:
- پێشینەدان بە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، بەتایبەت لە ناوچە بیابانییەکان.
- بەردەوامبوون لە پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی لە هاوردەکراو.
- پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێ بۆ بەکارهێنانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون.
- پشتگیریکردنی کەرتی تایبەتی کشتوکاڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ