رووداو دیجیتاڵ
یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق هەموار دەکرێتەوە و تەمەنی خانەنشینی دەکرێتەوە 63 ساڵ.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەمواری دووەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 لەلایەن سەرۆکی لیژنەی داراییەوە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
لەبارەی گرنگترین خاڵەکانی هەموارکردنەکە، ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری گوتی، "دەستکاریکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەوەیە لە 60 ساڵیەوە بکرێتەوە 63 ساڵ، دوای ئەوەی لە هەمواری یەکەمی ساڵی 2019دا لە 63 ساڵیەوە کرا بە 60 ساڵ".
سۆران عومەر گوتیشی، ئامانج لەو هەنگاوە سوودوەرگرتنی زیاترە لە کەسانی شارەزا و بەئەزموون لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت تاوەکو دەرفەتی زیاتریان پێبدرێ درێژە بە خزمەتەکەیان بدەن.
رۆژی 25ی ئاداری 2024 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی ماهر بەیاتی، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی عێراقی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بە کاری دەستەکە.
سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی عێراق گوتی، ژمارەی خانەنشینان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ