نزیکەی 5 ملیۆن زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن دەچنە عێراق

07-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نزیکەی 5 ملیۆن زیارەتکار لە ئێران و پاکستانەوە بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن روو لە کەربەلا دەکەن و وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش ئامادەباشی وڵاتەکەی بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران نیشاندا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و نەجەف، 5 دەروازەی سنووری، 5 کەشتیی لە بەندەری بەسرە و هێڵی شەمەندەفەری بەسرە-شەلامچە بۆ پێشوازیکردنی زیارەتکاران لە ئامادەباشیدان".
 
مەیسەم سافی گوتیشی، "ئامادەکارییەکان تەنیا بۆ زیارەتکارانی ئێرانی نین، بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە زیارەتکاران روو لە کەربەلا دەکەن؛ بۆیە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و هەوڵی تەواو دەدەین کە هیچ زیارەتکارێک دووچاری کێشەی هاتووچۆ و گەیشتنی بە شوێنە پیرۆزەکان نەبێت."
 
هاوکات سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن 4 ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62٪ـیان بە رێگەی وشکانی و 38٪ـیش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن". 
 
کەمال هادیانفەڕ باسی لەوەش کرد، "چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 3 هەزار گەشتی فڕۆکە لە وڵاتەکەیەوە بۆ عێراق بکرێن کە 80٪یان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و 20٪ەکەی دیکەش بۆ بەغدا دەبن". 
 
کەمال هادیانفەڕ دەڵێت، ساڵی رابردوو نزیکەی 4 ملیۆن زیارەتکاری ئێران چوونە عێراق.
 
حوسێنی کوڕی عەلی، چوارەم جێنشینی پێغەمبەری ئیسلامە. ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە