بەرپرسێکی پێنتاگۆن بۆ رووداو: هەموو بریندارەکانی عەین ئەسەد دۆخیان جێگیرە

07-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە رووداوی گوت، ئەوانەی لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد بریندار بوون پێنج سەرباز و دوو بەڵێندەرن. پێنج لە بریندارەکان لە نێو بنکەکە چارەسەر وەردەگرن و دۆخی هەموویان جێگیرە.
 
رۆژی چوارشەممە 07-08-2024، بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت: "بە دوو مووشەک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کرایە ئامانج، حەوت ئەمریکی بریندار بوون، تەندروستیی هەموویان جێگیرە."
 
شەوی دووشەممە، 05-08-2024 و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار. گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
 
بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی قسەی بۆ رووداو کردووە: "بریندارەکان لە پێنج سەرباز و دوو بەڵێندەر پێکدێن. پێنج لە بریندارەکان لە نێو بنکەی عەین ئەسەد چارەسەر وەردەگرن و دووەکەی دیکە براونەتە دەرەوەی بنکەکە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
 
دوای هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیادا گرت. ئۆتۆمبێلەکە ژمارەیەک مووشەکی لە کۆی ئەو 10 مووشەکەی لەسەر بوو، بۆ هێرشەکە ئامادەکرابوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانی چارەسەریی ئەندازەییەوە هەڵوەشێندرانەوە."
 
ئەمە سێیەمجارە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو هێرش دەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بەڵام یەکەمجارە برینداری لێبکەوێتەوە. لە کۆتایی مانگی تەممووز چەند هاوەنێک ئاراستەی بنکەکە کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئەوکات رایانگەیاند، هاوەنەکان بەر بنکەکە نەکەوتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە