پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی فەتح: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێ نەکردووە

07-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی بەجێگەیاندبێت و دەڵێت، "تائێستا یەک دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی نەکراوە."
 
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رۆژی 7ی ئەیلوولی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی یاسای بودجە گشتی پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات، ئەمە بابەتێکی گرنگ و سەرەکییە لەگەڵ رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە."
 
کازمی، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، دەڵێت، "پێویستە هەرێمی کوردستان بێگەرد و روون بێت لەبارەی داهاتی نانەوتی، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵی فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. وەزارەتی نەوت پێشنیازی هەیە لەبارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو 400 هەزار بەرمیلە، لەوانە بەشێکی بدرێتە کۆمپانیاکانی کار و قەیوان، بۆئەوەی حکومەتی فیدراڵی سوود لە بەرهەمەکانیان وەربگرێت لەو پاڵاوگانە، وەزارەتی نەوت دەیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بباتە پاڵاوگەکانی حەدیسە، بێجی و پاڵاوگەی دیکە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەم بوارەوە هاوکاربێت، ئەوا پشکی خۆی وەردەگرێت کە 12.67% لە یاسای بودجەکە کە نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە بۆ ساڵی 2023."
 
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، تائێستا پارەی وەزارەت و پارێزگاکان خەرج نەکراوە، بەهۆی ئەو رۆتینەی لە وەزارەتی دارایی هەیە، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە 500 ملیار دیناری مانگانە وەک قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، تاوەکو پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە پەسند دەکرێت.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا کورتهێنانی لە بودجەدا هەیە، پارەی وەزارەت و پارێزگاکانی نەداوە کە بۆیان دیاریکراوە. لەمکاتەدا وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت مانگانە تریلیۆنێک و 340 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەهۆی پاکتاونەکردنی حساباتی رابردوو، هەناردەنەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و هەڵوێستی تورکیا لە رێگری هەناردەکردنی نەوت."
 
موعین کازمی گوتی، حساباتی دارایی 8 مانگی رابردووی ئەمساڵ دەبێت پاکتاو بکرێت لەگەڵ داهاتی هەرێمی کوردستان. بە گوتەی ئەو، حکومەتی عێراق "جیدییە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەسەر ئەو بنەمایەش مانگانە قەرز دەداتە هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی نەناردنی شایستەی دارایی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کازمی گوتی: "ئێستا بابەتی تێچووی گواستنەوەی نەوت نەماوە کە پێشتر لە رێگەی خاکی تورکیا هەناردەکراوە و تێچووی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو تێچوو نەماوە، بەڵام ئەوەی هەیە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە، ئەمە مافی هەرێمی کوردستانە و دەبێت بدرێتە هەرێمی کوردستان، ئەمەش کارێکی سروشتییە، کۆمپانیاکان کاریان کردووە و دەبێت شایستەکانیان وەربگرن و پێموایە ئەمە گەرەنتیکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستی بە دیالۆگ و حساباتە بەشێوەیەکی جیدی و خێرا لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی."
 
قسەکانی موعین کازمی لەکاتێکدایە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە هەموو پابەندبوونەکانی خۆیان لە یاسای بودجەی جێبەجێ کردووە و بەغدا تۆمەتبار دەکەن کە پابەند نابێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی، "بەپێی رێککەوتنی پێشوو، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی رادەست بکات، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان دینارێکی رادەست حکومەتی فیدراڵی نەکردووە، لەکاتێکدا هەموو پارێزگاکانی دیکە داهاتەکانیان رادەستی گەنجینەی دەوڵەت دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش هەرێمی کوردستان بەشی خۆی وەردەگرێت و نابێت ئەو بابەتە هەر تەنیا ژمارە و مقاسە بێت، هەرێم بڵێت داهاتی نانەوتی 500 ملیارە لە بەشەکەم ببڕن، بەڵکو پێویستە بابەتی داهاتی نانەوتی چارەسەر بکرێت، ئەمە یەکێکە لە پابەندبوونەکان و هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکردووە، چۆن باس لەوەدەکات هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی و داهاتی نەوتیی ئەو سێ بۆ چوار مانگەی سەرەتای ئەمساڵی روون بێت و هاوکاربێت لە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ نێوخوی وڵات و جیدی بێت ئەمانە چارەسەر بکات."
 
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە 6ی ئەیلوولی 223 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە "حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم. جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لەکاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور، جێبەجێی کردووە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە؛ لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتیی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت، کە بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەکاتە 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار و، مانگانە بەگوێرەی ژمارەکانی بودجە، دەکاتە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە رۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت، لەکاتێکدا لەدوای مانگی شەشەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرجنەکراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە."
 
ئەنجومەنی وەزیران داوادەکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و "شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بەتایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تاوەکو هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە