رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق 13ى ئەیلوول تیروپشکى ژمارەى بەربژێران و پارت و هاوپەیمانێتییەکانى بەشداربووى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق رادەکێشێت، 38 هاوپەیمانێتى، 28 پارت و زیاتر لە شەش هەزار بەربژێر لەو هەڵبژاردنە بەشدار دەبن.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 13ى ئەیلوولى 2023، تیروپشک بۆ ژمارەى بەربژێرانى سەربەخۆ و هاوپەیمانێتى و پارتە بەشداربووەوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکەن.
عمیاد جەمیل، ئاماژەى بەوەدا، راکێشانى ئەو تیروپشکە بە ئامادەبوونى نوێنەرى هاوپەیمانێتى و پارتە بەشداربووەکانى ئەو هەڵبژاردنە دەبێت کە لە بارەگاى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان یان هۆتێڵ رەشید دەبێت لە بەغدا.
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە دواى 10 ساڵ ئەنجامبدرێت، یەکەمجاریشە ئەو هەڵبژاردنە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، 38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن، 70 بەربژێرى سەربەخۆ و 5925 بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.
لە هاوپەیمانێتییەکاندا، پێنجیان کوردستانین، دوویان لە کەرکووکن و لە هەریەک لە نەینەوا، بەغدا و واستیش یەکى هاوپەیمانێتییەکی نوێى کوردی تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ