هاتووچۆی عێراق بۆ رووداو: هاوئاهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی سزای سەرپێچیی هاتووچۆ هەیە

07-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق سەرپێچی بکەن، سزا دەدرێن؛ ئەوانەش تابلۆی پارێزگاکانی عێراقیان لەسەرە، لە هەرێمی کوردستان سزا دەدرێن.
 
حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق، رۆژی شەممە 07-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاوئاهەنگیی زۆر باش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوەکە لە بەغدا دەستیپێکردووە و خەریکە فراوانتری دەکەن بۆئەوەی هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە.
 
سەبارەت بە میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی و وەرگرتنی سزای پێبژاردن لەنێوان هەولێر و بەغدا، عەقید حەیدەر محەممەد وائیلی گوتی، هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەیە و هەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بێت و لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە سەرپێچی بکات، پێبژاردنەکەی لێوەردەگیرێت یان وردەکاری سزاکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێبژاردنەکەی لێوەربگرێت.
 
حەیدەر محەممەد وائیلی راشیگەیاند، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکیش کە تابلۆی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لەسەرە و لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات، سزاکە تۆمار دەکرێت و وردەکارییەکەی دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، 7 ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل هەن.
 
لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە فەرمی تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە