رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی هۆزایەتی لە بەغدا، دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کوژران و پێنج پۆلیسی دیکە بریندار بوون. وەزارەتەکە هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "خوێنیان بەفیڕۆ ناچێت و یاسا بەسەر سەرپێچیکاراندا جێبەجێ دەکرێت."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئەیلوولی 2025 ، کوژرانی دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی و برینداربوونی پێنج کارمەندی دیکەی بە پلەی جیاواز راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، هێزەکە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەیەکی هۆزایەتی، کە ئێوارەی شەممە لە ناوچەی سەعادە لە نزیک کارگەی غاز لە رەسافەی بەغدا روویدابوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشێکی چەکداریی راستەوخۆ بوونەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کێشەکەیان دروستکردبوو، بۆیە هێزەکانیش وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، دوو ئەفسەر کوژراون و پێنج پۆلیسیش بریندار بوون، لە هێرشکارەکانیش دوو کەس کوژراون و پێنجی دیکەشیان برینداربوون، هەروەها شەش کەس دەستگیرکران.
هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی پشکنین کردووە. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "سەپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا لەپێشینەی رەهای کارەکانمانە."
وەزارەتەکە هۆشداری دەداتە هێرشکارەکان و دەڵێت: "ئەم ئۆپەراسیۆنە کۆتایی نایەت تاوەکو هەموو ئەوانەی لەم هێرشە ترسنۆکانەیەدا بەشداربوون، دەستگیر دەکرێن و رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەیان، بۆ ئەوەی ببنە پەند بۆ ئەوانی دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ