رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو هەزار و 136 زیندانی لە بەندینخانەکان ئازادکراون، 665 کەسیان بە یاسای لێبووردنی گشتی بووە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 7-9-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو 665 کەسەی بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون، 471ـی دیکەش بە بڕیاری جیای دادوەریی ئازادکراون، کە یان ماوەی سزاکەیان تەواو کردووە یان بە مەرج ئازادکراون.
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، تاوەکو ئێستا 8665 زیندانی سوودیان لە یاسای لێبووردنی گشتی وەرگرتووە و ئازادکراون.
زیاتر لە 68 هەزار سزادراو لە گرووخانەکانی عێراقن، کە بە تاوانی وەکو کوشتن، دزی، تیرۆر، ساختەکاری، گەندەڵی، بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە، سزادراون
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، 33 هەزار و 536 زیندانی بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون. گوتەبێژی وەزارەتی داد گوتی، "ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەموو زیندانییەکان دەگرێتەوە، نەک تەنیا زیندانییانی سەر بە وەزارەتی داد، چونکە لەوانەی سەر بە وەزارەتی ئێمە، تەنیا 8 هەزار و 665 زیندانی ئازادکراون."
یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکران.
یاساکە داواکاریی سەرەکیی سوننەکان بوو، چونکە پێیانوابوو خەڵکێکی زۆری سوننە بەبێ تاوان لە زیندانەکاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ