ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا: زیاتر لە 400 جار قەوارەی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج

07-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا.
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
ئەوە لە کاتێکدایە میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە کاژێری دووەمی نیوڕۆژی دووشەممەی رووداودا کە هەوار جەلالەدین پێشكێشیکرد، لامی گوتی، "بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و بەشێکە لە بەرەی مقاوەمە" کە ئێران و هەموو گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەگرێتەوە. 
 
لامی گوتی، لە هێرشەکانیاندا "شوێنی هەستیاری نێو قەوارەی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج". 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا باسی لەوەشکرد، ساڵێک دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، "ئێستا گۆڕەپانەکانی جەنگ بۆ سەرخستنی غەززە یەکخراون"؛ گوتیشی، "هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی هاوبەش لەنێوان هەموو کەرتەکانی موقاوەمەی عێراقیدا هەیە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان کردووە"؛ هەربۆیە "هەر ئۆپەراسیۆنێک کە قەوارەی زایۆنی بکاتە ئامانج، لەسەر یەک لایەنی دیاریکراو وەک نوجەبا یان ئەوانی دیکە هەژمار ناکرێت، بەڵکو لەسەر هەموو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەژمار دەکرێت".  
 
حەیدەر لامی باسی لەوەشکرد، "کەی پێویست بکات، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە" دژی ئیسرائیل دەکەن؛ ئەوەشی خستەڕوو کە لەو کاتەوەی دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر ئیسرائیل، "زۆر پەیامی هەڕەشە و تۆقاندن"یان پێگەیشتووە، "چ لە لایەنی ئەمریکییەوە بووبێت یان لایەنی زایۆنی"، بەڵام گوتی، "ئەو هەڕەشانە نامانترسێنن و پاشەکشە ناکەین، بەڵکو هەڵچوون بە هەڵچوون و هەڕەشە بە هەڕەشەی گەورەتر وەڵامدەدەینەوە".
 
ئەمڕۆ یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی غەززەیە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسی فەلەستین کە ئێستا جەنگەکە پەلی بۆ لوبنان هاویشتووە و پریشکەکانی گەیشتوونەتە یەمەن، عێراق و سووریاش. 
 
پار لە 7ی مانگی تشرینی یەکەمدا حەماس لە ژێر ناونیشانی "تۆفانی ئەقسا" هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.  
 
لامی گوتی، "تۆفانی ئەقسا" دەریخست کە "قەوارەی زایۆنی لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە". 
 
دوای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستەسەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیادکرد، کاریگەرترینیان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بوو، کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا 2 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ی دیکە برینداربوون.  
 
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە وەڵامی بۆ ئەو هێرشە چی دەبێت، ئەگەرچی پێشتر بە بۆردوومانکردن وەڵامی هێرشی هاوشێوەی حووسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا داوەتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 3-12-2024. وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو

لادانی هەمواری یاسای بودجە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی پەکخست

بە نوسراوی سەرۆکی لیژنەی دارایی بڕگەی خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان لابرا. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: دوای لادانی بڕگەکە پەرلەمانتارانی کورد دانیشتنەکەیان جێهێشت.