رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت کار بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بکات بۆ دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان. داواش دەکات تاوەکو رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، یەکلاییکردنەوەی ناردنی مووچە بداتە دەست سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی هەرێمی کوردستان و بەغداوە زانیویەتی کە دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراو لە نێوان تیمەکانی هەردوولا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، کە بنەمای ناردنی مووچەیە.
سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا گوتى: "تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، دەیەوێت بۆ دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان پشت بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت ببەسترێت و بۆ ئەوەش چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەیەکی وەزاریی عێراقە کە لەو بارەیەوە ئامادەی بکات."
لە 23ی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا ئەو لیژنە وەزارییەی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی مووچە پێکهێنراوە، راپۆرتێک لەبارەی ئەو بۆچوونەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئامادە بکات، کە رۆژێک بەر لەوە ئاراستەی کردبوون لە بارەی چۆنیەتی هەژمارکردنی بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسا.
سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان تیمی هاوبەشی دارایی هەولێر و بەغدا دەکرێت لەبارەی داهاتی نانەوتی، وەزیری دارایی فیدراڵی واژۆ لەسەر ناردنی مووچە ناکات و ئەو پرسە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەجێدەهێڵێت تاوەکو بەرپرسیارێتی یاسایی نەکەوێتە سەر.
بۆ مانگەکانی ئایار ، حوزەیران و تەمووز، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد. لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دوو وەزیری کورد نووسراوێکیان داوەتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بڕی داهاتی نانەوتی دەکرێت، ئەگەر هەیە بەغدا مانگانە داوای 120 ملیار دینار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ