رووداو دیجیتاڵ
گوندی شمێت، کە بە گەورەترین گوندی عێراق دادەنرێت و نزیکەی 17 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، بووەتە جێگەی سەرنجی بەربژێرانی هەڵبژاردن. رۆژانە بەربژێران سەردانی ئەو گوندە دەکەن بە ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگ، لە کاتێکدا دانیشتووانی گوندەکە لە کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن.
محەممەد فەهد، موختاری گوندی شمێت، بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەربژێران پەیوەندیم پێوە دەکەن بۆ بانگەشەی خۆیان، چونکە ژمارەی دانیشتووانی گوندەکەمان زۆرە و دەگاتە نزیکەی 17 هەزار کەس."
ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان وایکردووە گوندی شمێت ببێتە "وێستگەیەکی گرنگ" بۆ بەربژێرەکان لە قۆناخی بانگەشە دا.
محەممەد فەهد ئاماژەی بەوەدا: "گوندەکەمان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لاوازە، شارەوانیی سەردانمان ناکات و مانگانە هەر ماڵێک بڕی 6 هەزار دینار دەدات تاوەکو زبڵ و خاشاکیان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەهلییەوە فڕێ بدرێت."
بە گوتەی موختاری گوندەکە، دانیشتووان داوایان کردووە گوندەکەیان بکرێتە ناحیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە و داواکەیان فەرامۆش کراوە.
گوندی شمێت 9 کیلۆمەتر لە ناحیەی زابی قەزای حەویجەوە دوورە و سەر بە پارێزگای کەرکووکە. دانیشتووانی گوندەکە تەنیا سەر بە هۆزی جبوورن.
لە گوندەکەدا 11 قوتابخانە و 8 مزگەوت و یەک فەرمانگەی تەندروستی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ