رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کڕینی گازی کۆرمۆر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کارێکی یاسایی و ئاساییە و ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی گازی وڵاتانی دیکە بکڕێت باشترە گاز لە نێوخۆدا بکڕێت.
باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارێکی یاساییە و ئاساییە کە حکومەتی عێراق گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکڕێت، ئەوەش بە مەبەستی وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەو هەنگاوە هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نییە".
"لەبری کڕینی گاز لە دەرەوەت وڵات، باشترە گاز لە نێوخۆی وڵات بکڕدرێت؛ ئەو پارەیە لە نێوخۆی وڵات بێت باشترە لەوەی بچێتە دەرەوە و لە دەرەوە گاز بکڕدرێت"، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق وای گوت.
باسم غرێباوی ئاماژەی بەوەکرد، خواستێکی زۆر لەسەر گاز لە جیهاندا هەیە و چەند بەرهەم بهێندرێت و بفرۆشرێت ئاساییە و گوتیشی، دەکرێت گاز لە نێوخۆی وڵات بکڕدرێت یان لە وڵاتی دیکە، بەڵام "نرخی نێوخۆ هەرزانتر دەکەوێت".
رۆژی 6-11-2023، ئەحمەد نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەى بونیاتنان لە کۆمپانیاى هێڵەکانى نەوت لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراقە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پڕۆژەى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە کۆتاییهات. پڕۆژەکە لە 5ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد و لە ماوەى 15 رۆژدا تەواو بوو".
دانیاڵ هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى کەرکووکیش لەو بارەیەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "راکێشانى ئەو هێڵەى گازى کۆرمۆر بۆ وێستگەى تازە بەهۆى کەمى گازەوەیە. وێستگەکە سوود لەو گازە وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا".
هەمان رۆژ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، ئەو بۆرییەی باس کراوە لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوە بەكاریهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەوەی رۆژی 2-10-2023، بە دانەگازمان راگەیاندووە کە نابێت بێ رەزامەندی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن".
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری گوندی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکەدا و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ