رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 25 رۆژ لە رفاندن و دیارنەمانی، پۆلیسی پارێزگای دیالە کچێکی ئازادکرد و تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد.
عەمید هەیسەم سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 7-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان دوێنێ شەممە، کچێکی رفێندراویان ئازادکرد و تۆمەتبارەکەشیان دەستگیرکرد.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، کچەکە لە 9-11-2025 لە ناوچەی هبهب لە پارێزگای دیالە رفێنرابوو و دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا. لە رێگەی بەدواداچوونی کامێراکانی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری، گومانلێکراوێک دیاری کرا و لە بۆسەیەکدا دەستگیرکرا، کە دەرکەوت دانیشتووی ناحیەی تارمییەیە.
عەمید هەیسەم سەلمان، ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بە رفاندنی کچەکە و دەستبەسەرکردنی لەناو باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا ناوە. دواتر هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و کچەکەیان بە سەلامەتی ئازاد کردووە و رادەستی کەسوکاریان کردووەتەوە.
دۆسیەکە رەوانەی دادوەری تایبەتمەند کراوە و بڕیاری راگرتنی تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 422ـی یاسای سزاکانی عێراق دەرکراوە کە تایبەتە بە تاوانەکانی رفاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ