رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، عێراق بەنیازە هاوشێوەی زۆرێک لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بچێتە نێو سیستمی نوێی پارەدانی دیجیتاڵییەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" لە قۆناخی گەڵاڵەکردندایە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق وردەکاریی پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" دەخاتەڕوو.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەنگاوەی دەیگرنەبەر لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی سیستمی دراوی فەرمیی عێراق و بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی پارەدانە بۆ شێوازێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو.
سەبارەت بە سرووشتی دراوەکە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "دیناری دیجیتاڵی، دراوێکی هاوتەریب یان جێگرەوەی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بریتییە لە هەمان دیناری عێراقی کە بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی، واتە هەمان نرخ و تایبەتمەندیی دیناری کاخەزی هەیە و تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە مامەڵەکردن پێوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لەڕێگەی سیستمێکی پارێزراوەوە".
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتین لە:
1. گواستنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە پارەی کاخەزەوە بۆ سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی.
2. کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردنی دراو.
3. کەمکردنەوەی هەڵگرتنی پارە لە ماڵان.
4. بەهێزکردنی شەفافیەت و توانای چاودێریکردنی جووڵەی دارایی.
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چاکسازیی دارایی و جێبەجێکردنی بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانێکی تەکنیکی بەهێز، سیستمی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی تۆکمە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەرکردنی یاسای تایبەت هەیە بۆ رێکخستنی.
"هۆشداریدان لەبارەی پڕۆژەکە"
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" خستەڕوو و هاوکات هۆشداریش دەدات لەو مەترسییانەی رەنگە رووبەڕووی ئازادیی دارایی هاووڵاتییان ببنەوە.
جەمال کۆچەر بە رووداوی راگەیاند، دیناری دیجیتاڵی (CBDC) جیاوازە لە دراوە کریپتۆکانی وەک بیتکۆین، بەڵکو دراوێکی نیشتمانییە و بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەهاکەی هاوتای دیناری کاخەزە، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ کڕین و حەواڵەکردن بەکاردێ.
جەمال کۆچەر کە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش دەرچووە، ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە پێویستی بە کات و ژێرخانی بەهێزە، وەک سیستمی تەکنیکیی پێشکەوتوو، ئینتەرنێتی بەهێز، هۆشیاریی خەڵک و دەرکردنی یاسای تایبەت.
سەبارەت بە لایەنە نەرێنی و مەترسییەکانی دیناری دیجیتاڵی، جەمال کۆچەر 7 خاڵی سەرەکی خستەڕوو:
1. مەترسی لەسەر تایبەتمەندیی تاک: حکومەت دەتوانێ چاودێریی هەموو جووڵەیەکی پارەی هاووڵاتی بکات و دەزانێ پارە لەکوێ خەرج دەکرێن
2. کۆنترۆڵکردنی پارە: دەوڵەت دەتوانێ بە ئاسانی هەژمارەکان بلۆک بکات یان راستەوخۆ باج و سزای دارایی لێ ببڕێ.
3. لەدەستدانی ئازادیی دارایی: کەمبوونەوەی مامەڵە بە "کاش" واتە کەمبوونەوەی سەربەخۆیی تاک لە بەڕێوەبردنی پارەکەی.
4. ئاسایشی ئەلیکترۆنی: ئەگەری هێرشی سایبەری و هاککردنی داتابەیس و جزدانە دیجیتاڵییەکان هەیە.
5. کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی شارەزای تەکنەلۆژیا نین و ئینتەرنێتیان نییە، تووشی کێشە دەبن.
6. زیان بۆ بانکە بازرگانییەکان: رەنگە خەڵک پارەکەی لەبری بانکە بازرگانییەکان، راستەوخۆ لە جزدانی دیجیتاڵیی بانکی ناوەندیدا هەڵبگرێ، ئەمەش توانای بانکەکان بۆ پێدانی قەرز لاواز دەکات.
7. مەترسیی هەڵاوسان: ئاسانیی دەرکردنی دراوی دیجیتاڵی رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی دراوی زیاتر بچێتە بازاڕەوە و متمانە بە دراوەکە کەم ببێتەوە.
رۆژی 2-12-2025، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک شارەزا و پسپۆڕی بواری ئابووری گوتی، پڕۆژەی دیناری دیجیتاڵی لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، بەڵام پێویستی بە کات و ژێرخانی تەواوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بخرێتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ