کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کەشناسیی عێراق و شارەزایانی کەشناسی رایدەگەیێنن، لە ئێوارەی سبەی هەینییەوە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و پلەی گەرمی دادەبەزێت. پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممەشەوە شەپۆلێکی دیکە دەستپێبکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژانی هەینی و شەممە شەپۆلێکی باران وڵات دەگرێتەوە؛ زۆرترین بڕی باران لە هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق دەبێت و کەمترین بڕیش لە شارەکانی باشوور تۆمار دەکرێت."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەفر ببارێت. سەبارەت بە باییش گوتی، "رۆژی شەممە ئاراستەی با دەگۆڕێت بۆ باکووری رۆژئاوا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی تۆزی مامناوەند لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق."
 
بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیر دەبێت، بەڵام لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە.
 
لای خۆیەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند، شەپۆلەکە لە ئێوارەی سبەی هەینییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بەردەوام دەبێت؛ چڕترین کاتی بارانبارینەکەش بەیانیی رۆژی شەممە تاوەکو نیوەڕۆکەی دەبێت.
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، "زۆرترین بڕی باران لە سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەبێت. لەو ناوچە شاخاوییانەش کە بەرزییان زیاتر لە 1100 مەترە، ئەگەری بەفربارین هەیە وەک (ئامێدی، شیلادزێ، دێرەلووک، مێرگەسوور، وەرتێ، باڵەکایەتی و پێنجوێن)."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی پلەی گەرما سێ پلە دادەبەزێت و رۆژی شەممەش سێ پلەی دیکە نزم دەبێتەوە.
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی هەینی:
 
هەولێر: 13 پلە
سلێمانی: 11 پلە
دهۆک: 9 پلە
کەرکووک: 14 پلە
هەڵەبجە: 12 پلە
ئیدارەی سۆران: 10 پلە
ئیدارەی ڕاپەڕین: 12 پلە
ئیدارەی گەرمیان: 15 پلە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هەواڵگریی عێراق

چالاکییەکانی هەواڵگریی عێراق لە 2025؛ 'دروستکردنی هاوئاهەنگی هەواڵگری لەگەڵ سووریا'

راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە و تێیدا هاتووە: "ساڵی 2025 گۆڕانکاریی ستراتیژی لە سرووشتی ئەو ئەرکانەدا هەبووە کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق جێبەجێی کردوون." بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری "جووڵەی دیپلۆماسی-ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی سەرکردەی رێکخراوە تووندڕۆکان و تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو بوون، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان."