12 ئەندامی کۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکەن چەند گرووپێکی عێراق بە تیرۆریست بناسێنێت

08-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

12 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان لە پێگەی ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق دەردەبڕن، گوایە ئێران پشتیوانییان دەکات و لەنێو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدان. سێ پێشنیازیش لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق دەکەن.
 
لە نامەیەکدا کە 12 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رۆژی 28-01-2025 بۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایان ناردووە، رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرن کە رێگەی بەو گرووپانە داوە لەنێو هێزەکانی عێراقدا بن. لە نامەکەدا گرووپە چەکدارەکان بە "میلیشیا"، "تیرۆریست" و "پشتیوانیلێکراو لەلایەن ئێران"ەوە ناوهێندراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس، لە ساڵی 2014وە ئەمریکا 3.5 ملیار دۆلاری بۆ شەڕی داعش وەکو هاوکاریی مرۆیی و 7.9 ملیار دۆلاری وەکو هاوکاریی سەربازی بۆ عێراق ناردووە.
 
لە نامەکەدا هاتووە، "رێکخراوی بەدر گرووپێکی پشتیوانیلێکراوە لەلایەن ئێرانەوە و لەنێو هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق هەژموونی هەیە. دەگوترێت ئەو گرووپانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە مەشقیان پێکراوە و فەرمانیان پێدەکرێت."
 
12 ئەندامەکەی کۆنگرێس سێ پێشنیاز دەدەنە ئەمریکا:
 
- ناساندنی کەتیبەکانی ئەبو فەزل عەباس، رێکخراوی بەدر، کەتیبەکانی فاتمیون، حیزبوڵڵا نوجەبا، کەتیبەکانی ئیمامی عەلی، کەتیبەکانی جوندول ئیمام، کەتیبەکانی سەییدو شوهەدا، سەرایا جیهاد، سەرایا خوراسانی و کەتیبەکانی زەینەبیون وەکو تیرۆریست.
 
- سەپاندنی سزا بەسەر کەتیبەکانی ئەبول فەزل، رێکخراوی بەدر، کەتیبەکانی ئیمامی عەلی، کەتیبەکانی جوندول ئیمام، سەرایا جیهاد و سەرایا خوراسانی.
 
- تاوەکو ئەو کاتەی هەر "میلیشیایەک یان رێکخراوێکی تیرۆریستی" بەشێک دەبێت لە دەوڵەتی عێراق یان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پارەدار دەکرێت، هیچ هاوکارییەکی بواری ئاسایش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق نەنێردرێت.
 
ئەندامەکانی کۆنگرێس پاڵپشت بە راپۆرتەکانی ئاژانسی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (DoD OIG) دەڵێن: "گرووپەکانی سەر بە ئێران بە قووڵی چوونەتە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە. بۆ نموونە، رێکخراوی بەدر پەیوەندی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەیە. بەشێک لە بەرپرسەکانی بەدر لەنێو هەردوو وەزارەتە عێراقییەکە پلەکانی خۆیان وەرگرتووەتەوە و پلە بەرزکردنەوەشیان بۆ کراوە."
 
12 ئەندامەکەی کۆنگرێس رەخنەیان لە سیاسەتی ئەمریکا، بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا گرتووە کە هێزەکانی "شانبەشانی میلیشیاکان شەڕی دژی داعش کردووە".
 
لە نامەکەدا هاتووە، "گرووپەکانی سەر بە ئێران" لە دوو ساڵی رابردوودا لانیکەم 170 هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان و چەندین سەرباز و کارمەند بریندارکردوون.
 
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە زۆربەی ئەو گرووپانە، لەوانەش رێکخراوی بەدر "هێشتا نەخراونەتە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی دەستیان لە هێرشەکانی سەر هێزە ئەمریکییەکان هەبووە."
 
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس کە واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە، هەموویان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانن و لە پارتی کۆمارین و بریتین لە: جۆ ویڵسن، وڵیەم گریگۆری ستوبی، جەیمس بەیرد، ئەندرو ئۆگلێس، زاک نەن، کلاودیا تێنەی، نیڵ دەن، رەس فەلشەر، ئەبراهام جەمال حەمادە و راندی وێبەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە