سوودانی: لە ساڵی 2024ـدا 12 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرجکراوە

08-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کاری هاوبەش پێویستە بۆ ئەوەی "پاکی" بکرێتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی؛ ئاماژە بەوەش دەکات لە ساڵی 2024ـدا 12 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرجکراوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ (شەممە، 08-02-2025) لە کۆنفرانسی چاودێریی نێوخۆیی قسەی کرد، کە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە درووشمی "چاودێریی هێڵی بەرگری لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی شەفافیەت" رێکیخستبوو. 
 
سوودانی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئامانجی کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی چاودێریی نێوخۆیی و چەسپاندنی شەفافییەتە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکیی حکومەت بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
 
بەگوتەی سوودانی، "لە ساڵی 2024ـدا 12 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرجکراوە. ئەو دەستکەوتانەی لە دوو ساڵی رابردوودا بەدەستهاتوون، هیوایان بە هاووڵاتییان بەخشی".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکومەت رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ پشتگیریکردن و پەرەپێدانی چاودێریی ناوخۆیی، وەک بەشێک لە میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
 
سوودانی داوای خێراکردنی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان و کەیسەکانی کرد و گوتی، پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکانی گەندەڵیی گەورە بکرێت و سزای یاسایی بەسەر تاوانباراندا بسەپێندرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی داواکراون بۆ وڵات و پارەی دزراو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتە بنەما و گوتی، حکومەت پشتگیری هەموو هەوڵێکی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی یاسا دەکات.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە