کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: بودجەمان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان نییە

08-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە، قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان دواکەوتووە و دەشڵێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان تا رادەیەک راگیراوە.  
 
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 08-03-2025، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە، قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان دواکەوتووە. 
 
23-01-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکان ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد لەوانە، پێدانی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک، رەخساندنی هەلی کار، دامەزراندنیان لە کەرتی حکومی و تایبەت، هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان، پێدانی مووچەی مانگانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەمدەرامەت و نیڤشکانان و پێدانی قەرزی بانکی بێسوود بۆیان. 
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا خشتەکانی بودجەی ئەم ساڵ لە پەرلەمانی عێراق پەسندنەکراوە؛ بۆیە پارەی پێویستیان لەبەردەست نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان.
 
عەلی جەهانگیر راشیگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە تا رادەیەک وەستاوە راگیراوە، چونکە ئەوەش پێویستی بە بودجەیە.  
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە