رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت، دۆخی سنوور لەگەڵ سووریا ئارامە و هیچ مەترسییەک نییە.
دەروازەی قائیم بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور و لەوێ پێیدەگوترێت دەروازەی ئەلبوکەمال.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قائیم، ئەمڕۆ شەممە، 08-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ مەترسییەک لە سنووری عێراق و سووریا لە سنووری قائیم نییە و دۆخی سنوور زۆر ئاساییە".
قایمقامی قائیم جەختی لەوە کردەوە، سنوورەکان تووندۆڵن و بە باشی کۆنترۆڵکراون؛ هەروەها رەتیکردەوە، هیچ جموجووڵێکی هێز لە سنوورەکەدا هەبێت.
لە 8ـی کانوونی یەکەمەوە، واتە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، دەروازەی قائیمی نێوان عێراق و سووریا داخرا و دواتر رێگە بە هاتووچۆکردنی دۆخی پێویست و مرۆیی درا.
عێراق و هەرێمی کوردستان 618 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەڵگیرسا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 230 کەس کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ