عێراق لە رۆژێکدا؛ پێگەی دوو گرووپ بۆردوومان کران و لە پەرلەمان باسی پێشمەرگە کرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حەشدى شەعبی  لە نەینەوا و ئەنبار کوژراوی لێکەوتەوە و گرووپى موقاوەمەش رایگەیاند لە ماوەی نۆ رۆژدا نزیکەی 200 هێرشیان کردووە، بۆ رێگری لەو هێرشانەى گرووپە چەکدارەکان دەیکەن، سوودانى فەرمانی بە بەرپرسە ئەمنییەکان دا کە راویان بنێن.

دۆخی عێراق لە جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، 11 بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراقى بردە پەرلەمان، کە تێیدا باس لە هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور و پرسی رێگری لە چوونی هێز بۆ ئێران کراوە.
 
هێرشکرایە سەر گرووپە چەکدارەکان
 
7ی ئادار چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە نەینەوا و ئەنبار بۆردوومان کران.
 
سەرچاوەیەک لە پارێزگای نەینەوا بە رووداو راگەیاند: "یەکێک لە هێرشەکان بنکەی لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی گەیارە کردووەتە ئامانج کە سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە."
 
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی، بەهۆی بۆردوومانەکەوە چەکدارێک کوژراوە و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
هێرشێکی دیکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ سەر کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بووە، کە ئەبوئالا وەلائی ئەمینداری گشتییەتی.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە نەینەوا بە رووداوی گوت: "هێرشەکە بارەگای فەوجی 33ی یەکێک لە لیواکانی ئەو گرووپەی گرتووەتەوە کە نزیک لە بازگەی عەقرەب بووە."
 
ئەوە دووەم رۆژە لەدوای یەک هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە نەینەوا.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی نەینەواوە چەکدارێک کوژراوە و سێی دیکە بریندارن، هێرشەکانیش لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی "نەناسراو"ەوە کراون.
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە ئەنبار بە رووداوی گوت، "ناوچەی گەهاوی لە ئەنبار، کە لیوای 45ی حەشدی ئەنباری لێیە، سێ جار بۆردوومان کراوە."
 
ناوچەی گەهاوی دەکەوێتە سنووری نێوان بابل و ئەنبار و نزیکە لە ناوچەی جورفولسەخر.
 
بەرەبەیانیی یەکشەممە 8ی ئادار، ئەو گرووپەی ناوی خۆی ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند؛ لە 24 کاژێردا 24 هێرشیان بۆ سەر "نەیارانیان" لە عێراق و ناوچەکە کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی گرووپەکە، ئەو هێرشانە لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کراون و کۆی ئەو هێرشانەی ئەو گرووپە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە بانگەشەی کردنیان دەکات، گەیشتە 197 هێرش.
 
لە ماوەی دەستپێکردنی جەنگدا، ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا هێرشیان بۆ سەر چەند پێگەیەک کردووە بە پاساوى ئەوەى بنکەى ئەمریکییەکانن، بەتایبەت بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
 
ئەو هێرشانە حکومەتی ناچار کرد رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەیان.
 
7ی ئادار سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە هەموو فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیاندا، "راوەدووی ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە بنێن، کە مووشەکیان ئاراستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە و رادەستی دادگەیان بکەن."
 
لە پەرلەمان باسی پێشمەرگە و سنوور کرا
 
دانیشتنی 7ی ئاداری پەرلەمان پەیوەندیدار بوو بەو جەنگەی لە ناوچەکە دەستی پێکردووە؛ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و 10 بەرپرسی دیکەی ئەمنی و سەربازی ئامادە بوون.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لەو دانیشتنەدا باسی کاریگەریی جەنگەکە لەسەر عێراق و ئامادەکارییەکان کرا، لەوەی پەیوەندیدارە بە پاراستنی سنوور باس لە هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور کرا و جەختیش کرایەوە کە هیچ هێزێک لە هەرێمی کوردستانەوە نەچووەتە سنووری ئێران.
 
هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە دانیشتنەکەیان قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا"یان لەنێو هۆڵەکەدا گوتەوە.
 
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا، پەیامێکی ئاراستەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کرد و گوتی: "ئەگەر وڵاتەکەم دەسەڵاتی سەدام حوسێنی نەڕووخاندایە، ئێوە ئێستا لەوێ دەبوون؟"
 
هەروەها هەردوو پەرلەمانتاری شیعە بەها ئەعرەجی و مستەفا سەند لە پەرلەمان بەشەڕ هاتن، دواتر سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا بەشداریکردنی مستەفا سەند لە دانیشتنەکانی پەرلەمان قەدەخە بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی پۆزش بۆ بەها ئەعرەجی و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەهێنێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە