رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵا دەکات، کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای سزادانی عێراق و بەکرێدانی موڵک.
دەقی سکاڵانامەکان دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، کە لەلایەن دوو هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون.
دادگەی باڵای فیدراڵی رۆژی دووشەممە، 8ی ئاداری 2026 یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو دوو سکاڵایەوە دەکات.
یەکێک لە سکاڵاکان لە دژی هەمواری سێیەمی یاسای بەکرێدانی موڵکە، کە لە ساڵی 2018 لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوەتەوە.
ئەو هەموارە 7 مادەی گرتووەتەوە و زیاتر پەیوەندیدارە بە بەستنی بەکرێدانی موڵک بۆ نیشتەجێبوون یان مەبەستی جیاواز و چارەسەری کێشە لەسەر کرێ.
سکاڵاکارەکە داوای لە دادگەی فیدراڵی کردووە ئەو هەموارە بە نادەستووری بناسێنێت، بەوپێیەی بەگوێرەی سکاڵاکە، پێچەوانەی پێنج ماددەی دەستوورە، لەوانە ماددەی 23ی دەستوور کە تایبەتە بە مافی موڵکداری.
سکاڵاکەی دیکە لەلایەن هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراوە لەدژی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەمواری یاسای سزادانی عێراق و لابردنی کارکردن بە چەند ماددەیەکی یاساکە، کە تایبەتن بە سزای سەر تاوانی زیانگەیاندن بە سەقامگیرى و سەروەریی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەبارەی ئەو سکاڵایانەوە بە فەرمی داوایان لە دادگەى باڵاى فیدراڵى کردووە دانیشتنەکە دوابخات، تاوەکو ئەو کاتەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکدەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ