رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق بە شێوەیەکی داخراو، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکان بەڕێوەچوو؛ بەڵام لە کۆبوونەوەکە گرژی دروستبوو.
پەرلەمانتارانی نزیک لە حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لەنێو هۆڵی پەرلەمان دەستیان بە درووشم گوتنەوە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ستایشی بەرەی مقاوەمەیان کرد.
محەممەد ئەبو عەیس، پەرلەمانتاری شیعە هاواری کرد، "مردن، مردن بۆ بەکرێگیراوان... مردن، مردن بۆ بەکرێگیراوان... مردن، مردن بۆ ئەمریکا... مردن، مردن بۆ ئیسرائیل... بەڵێ، بەڵێ، بۆ ئیسلام... مردن، مردن بۆ بەکرێگیراوان.... نەخێر، نەخێر ئەمریکا.... نەخێر، نەخێر ئیسرائیل ... بەڵێ، بەڵێ، بۆ مقاوەمە."
فراکسیۆنی سادقوونی سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی داوای هەڵوێستی فەرمی لە حکومەتی عێراق دەکات و پشتگیریی ئێران دەکات.
عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادقوون رایگەیاند، "بە تووندترین دەستەواژە سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە زەقە دەکەین، لێکەوتەکانی دەکەوێتە ئەستۆی هێرشکاران و ئیدارەی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی. دەستی گەلی مەزنی ئێرانی دەگوشین و ستایشیان دەکەن کە یەکێتی نیشتمانییان بەدیهێناوە و لە دەوری سەرکردایەتی نوێ کۆبوونەتەوە، تاوەکو ببنە بەربەرستێکی بەهێز لەبەردەم پیلانگێڕییەکان. داواش لە حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین، هەڵوێستێکی فەرمی بەهێزیان هەبێت لەبەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارە، هەروەها رێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا شەڕ و ئاڵۆزی درستبوو؛ هێزە ئەمنییەکان چوونە نێو هۆڵەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
هەر لەنێو پەرلەمان شەڕ لەنێوان مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی (ئەبیشر یا عێراق) نزیک لە حەشدی شەعبی و بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی دروستبوو لەسەر رەخنەگرتن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق. سەنەد زلـلەیەکی لە بەها ئەعرەجی دا و ئەویش بە سەنەدی گوت "بێ ئەدەب."
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا رێگە نەدات مستەفا سەنەد، بەشداریی کۆبوونەوەکان بکات تاوەکو پۆزش بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکەی سوودانی نەهێنێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا مستەفا سەنەد رەوانەی لیژنەی رەفتارى پەرلەمانی بکرێت، بەهۆی ئەو "پێشێلکارییە"یەی بەرامبەر بە بنەماکانی رەفتاری پەرلەمانی کردوویەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ