روداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" و یەکخستنی رێکارەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ستراتیژیی پێشکەوتووە بۆ بنیادنانی سیستمێکی گومرگی سەردەمیانە و یەکگرتوو لەسەر ئاستی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، دەستەکەیان بە رێنمایی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کار دەکات بۆ گونجاندنی سیستمەکان و رێکارە تەکنیکی و یاساییەکان، بەجۆرێک کە تەواوکاری لەنێوان هەموو دەروازە گومرگییەکاندا هەبێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، یەکخستنی سیستمەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر بەهێزکردنی داهاتی نانەوتیی دەوڵەت، کەمکردنەوە و رێگریکردن لە دیاردەی قاچاخچێتی و بەرزکردنەوەی کارایی دامەزراوەیی.
دکتۆر سامر قاسم داوود جەختی کردەوە، کە چوونە ناوەندی تیمی هەرێمی کوردستان بۆ نێو "تیمی نیشتمانیی ئەسیکۆدا"، نیشانەی جیدیبوونی هەوڵەکانە بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی گومرگی یەکگرتوو کە پشت بە باشترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت.
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق ئاشکرای کرد، قۆناخی داهاتوو خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان دەبێت، لەگەڵ کردنەوەی خولی راهێنانی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی توانای کادرە گومرگییەکان.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا "زمانی کوردی لەنێو سیستمەکەدا هەبێ و لە کاتی جێبەجێکردنی راستەقینەدا لە فۆرمەکاندا پەسند بکرێ، هاوشێوەی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆ دڵنیابوون لە ئاسانیی بەکارهێنان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ