محەممەد شیاع سوودانی گەیشتە ئەنقەرە

08-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی بێشتەپە پێشوازی لێکرا. 
 
کاژێر 15:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە کۆشکی بێشتەپە-ی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە. لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا پێشوازیی لێکرا. 
 
بەپێی بەرنامەی پرۆتۆکۆڵ، سەرەتا سوودانی و ئەردۆغان، کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی دەکەن. پەیوەندییە دوو قۆڵییە فرە رەهەندەکانی ئەنقەرە - بەغدا گفتوگۆ دەکەن. دواتر سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ستراتیژیی باڵای تورکیا- عێراق لەنێوان شاندی باڵای هەردوو وڵات دەکەن. 
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، هەردوولا واژۆ لەسەر چەند رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێ دەکەن.
 
دوایین پێشهاتەکانی کارکردنی رێگەی گەشەپێدان، فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و چەندین پرسی دیکەی مایەی بایەخی هاوبەشی نێوان هەردوولا دەخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە. 
 
پێنجی ئایاری 2025، شاندێکى عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد رەزا حوسەینى، سەرۆکى فەرمانگەى وڵاتانى دراوسێ لە وەزارەتى دەرەوە، گەیشتە تورکیا.
 
سەردانى ئەو شاندە لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکان بوو بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. 
 
یەکی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە