وەزارەتی کاری عێراق: کار لەسەر پێدانی قەرزی 350 ملیۆنیی درێژخایەن دەکەین

08-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن و 190 هەزار کەس لە وەرگرتنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەندبوون؛ دەشڵێت، گەنجە تۆمارکراوەکانی تۆڕی چاودێری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنن و قەرزی درێژخایەنیشیان پێدەدەن.
 
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق رایگەیاند: "ئەو خێزانانەی لە تۆڕی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، بیمەی تەندروستییان بە خۆڕایی پێدەدرێت؛ مانگانەش بە هاوئاهەنگی وەزارەتی بازرگانی، سەبەتەی خۆراکیان پێدەدەین."
 
بە گوتەی حەسەن خەوام، "ئەو گەنجانەی لە تۆڕی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵە، بەشێوەی گرێبەست لە وەزارەتەکان دایاندەمەزرێنین. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 51 هەزار گەنجمان بەشێوەی گرێبەست لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، پەروەردە و داد دامەزراندووە."
 
حەسەن خەوام گوتی: "ئەو کەسانەش دەیانەوێت خۆیان ببنە خاوەنکار، قەرزی درێژخایەنمان بە بڕی 20 بۆ 50 ملیۆن دینار بۆ دیاری کردوون، کە دوای ئەوەی بوونە خاوەنکاری خۆیان، مووچەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیان دەبڕین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق دەڵێت: "لەم جەژنەدا بڕی 100 هەزار دینارمان وەک جەژنانە بە هەر منداڵێکی بێ سەرپەرشتی تۆڕەکانی چاودێری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دا، کە ژمارەیان 5 هەزار و 263 منداڵ بوو. هەر خوێندکارێکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەش کە لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەخوێنن، 50٪ داشکاندنیان لە کرێی خوێندن بۆ دەکرێت."
 
وەک خەوام باسی دەکات، "ئێستا بە هاوئاهەنگی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، بانکی پەرەپێدانی ئەڵمانی و کۆمپانیای عێراقی بۆ گەرەنتی، کار بۆ پڕۆژەیەکی نوێ دەکەین بۆ پێدانی قەرزی 350 ملیۆنیی درێژخایەن بەو کەسانەی خواست و بیرۆکەی کار و داهێنانیان هەیە، بەبێ ئەوەی پێویست بە کەفیلی فەرمانبەری حکومی بکات."
 
گوتیشی، "لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، داواکارانی قەرزەکە پێویستە بەشداری لە خولێکی راهێنانی تایبەتمەنددا بکەن کە زیاتر لە مانگێک دەخایەنێت، لە خولەکەدا لەلایەن پسپۆڕانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە راهێنانی تەواویان لەسەر بیرۆکە و کارەکەی خۆیان پێدەکرێت. دوای تەواوکردنی ئەو قۆناخە قەرزەکە دەدرێت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی کار، مانگانە نزیکەی 470 ملیار دینار بۆ مووچەی چاودێریی و پاراستنی کۆمەڵایەتی خەرج دەکرێت.
 
لە بودجەی 2024ـی عێراق دا نزیکەی شەش تریلیۆن و 200 هەزار دینار بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخانکرابوو. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.