پێنج هاوپەیمانێتى نوێى کوردستانی لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکراون

08-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

37 هاوپەیمانێتیی نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق تۆمارکراون کە پێنجیان کوردستانین و 27 پارتى نوێش بۆ هەمان هەڵبژاردن تۆمار کراون.
 
8ى ئابی 2023، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو دوا وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان، ژمارەى هاوپەیمانێتییەکان گەیشتە 52 هاوپەیمانى کە 32یان نوێن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
هەمیان تەحسین گوتیشى، "لەو هاوپەیمانێتییە نوێیانە، پێنجیان کوردین. دووانیان لە کەرکووکن و لە هەریەک لە نەینەوا، بەغدا و واستیش یەکى هاوپەیمانێتییەکی نوێى کوردی تۆمار کراون.
 
 7ى ئابى 2023 دوا وادەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بوو بۆ تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزکاگان کە لە 18ى کانوونى یەکەم دەکرێت.
 
بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ئاماژەى بەوەدا کە هیچ کام لەو هاوپەیمانێتیانە ناتوانن بێ رەزامەندى کۆمیسیۆن خۆیان هەڵبووەشێننەوە، تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
بۆ یەکەمجارە لە دواى 18 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام بدرێت، کە لایەنە کوردستانییەکان بە هاوپەیمانێتی و لیستی جیا بەشدارى تێدا دەکەن، لەکاتێکدا هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەو پارێزگایە بە یەک لیست بەشدارى دەکات.
 
ئەو بەرپرسەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئەو پارتانەی لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون 296 پارتن کە 27 یان نوێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە