عێراق
کۆبوونەوەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و شاندی یاوەری
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشوازی لە هاوتا عێراقییەکەی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باسی سەقامگیریی عێراق، هەڕەشە بەردەوامەکانی رێکخراوی داعش و رۆڵی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرا و، هەردوولاش جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوانیان کردەوە.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشوازی لە سابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوون لە عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق و عەبدولئەمیر رەشید، سوپاسالاری عێراق.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بارەگای سەرەکیی پێنتاگۆن بە میدیاکانی گوت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق لە پێکەوەکارکردن، پاڵپشتییەکی زۆریان بۆ عێراق و سەروەریی خاکی عێراق و سەقامگیریی ناوچەیی بەدەستهێناوە."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لە تێکشکاندنی داعش کرد و گوتی، "ئێمە زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە خاکی عێراق ئازاد کردووە و زیاتر لە 4.5 ملیۆن عێراقیمان لەژێر ستەمکاریی داعش دەرهێناوە."
دوای کۆبوونەوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندە عێراقییەکە، سوپاسی هێزە عێراقییەکانی کردووە بۆ هەوڵەکانیان بۆ شكستپێهێنانی هەمیشەیی داعش."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "وەزیری بەرگری، پابەندییەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی چەکدارە دەستبەسەرکراوەکانی داعش لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا [رۆژئاڤا] بەرزنرخاندووە و هانی شاندە عێراقییەکەی دا بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق."
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە کۆبوونەکەیدا لەگەڵ ئەمریکییەکان گوتی، "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوئاهەنگییەکانمان بەرەوپێشەوە بچێت، لەبەرئەوە ئەو شاندە گەورەیەی عێراق ئەمڕۆ لە پێنتاگۆنە؛ هیوادارین کە بگەینە ئەنجامێک کە سوود بە هەردوولا بگەیێنێت."
دەینا ستڕۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، "ئێمە چاومان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمانە لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژی دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ